"ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا نوێنەرایەتی خۆیان و ناسنامەی خۆیان دەکەن"
بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، بە ئیرادە و دەنگی خۆیان، یەکێکە لە دەستکەوتە هەرە گرنگەکانی شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە بە شۆڕشی ژنان بوو ناسراوە.
نورشەن عەبدی
کۆبانێ- ئامینە ویسو، جێگری هاوسەرۆکایەتیی دەستەی ئیدارە ناوخۆییەکان و شارەوانییەکان لە کانتۆنی فورات لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختی لەوە کردەوە کە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە لە مانگی ئابدا بەڕێوەدەچێت، ڕۆڵ و گرنگییەکی گەورەی هەیە و دەتوانن نوێنەرایەتی خۆیان و ناسنامەی خۆیان لەناو کۆمەڵگەدا بکەن.
شارەوانییەکان ٢٤ کاتژمێر کار بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و خەڵک دەکەن چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە خەڵکەوە، لە چوارچێوەی سیستمی دیموکراسی خۆبەڕێوەبردن هەڵدەسەنگێندرێن و هەڵبژاردنی فیدراڵی لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٧ بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەچوو، بەهەمان شێوە لە مانگی ئابدا بەڕێوە دەچێتەوە، بەشداری ژنانیش بە ڕێژەی ٪٥٠ لە هەڵبژاردنەکان نموونەی نەتەوەی دیموکراتیکە، ئەم ڕێژەیەی ژنان نوێنەرایەتی بوونی خۆیان دەکەن لە ئەنجومەنی شارەوانی.
"هەڵبژاردن بە بۆچوون و تێڕوانینی خەڵکی گرنگە"
ئامینە ویسو، دەربارەی گرنگی بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا، وتی: پرۆسەی ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان لە ناوچەکانی ئێمەدا بەردەوامە، چونکە وەک کۆمەڵگە و هەرێمێک پێویستمان بەم هەڵبژاردنانەیە، هەڵبژاردن گرنگە و ڕۆڵێکی گەورەی لەناو کۆمەڵگەدا هەیە، چونکە لەسەر بنەمای بۆچوون و تێڕوانینی خەڵک و بە شێوەیەکی دیموکراسی بەڕێوەدەچن، پێداگریمان لەسەر بەردەوامبوون لەم هەڵبژاردنانە لە پێناوی گەلدایە، بۆ ئەوەی بۆ جیهان بیسەلمێنن کە سەرەڕای هەموو هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا کە ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، بەردەوامن لە ڕێکخستنی خۆیان و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دیموکراتیک.
"بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکان سەلماندنی بوونی خۆیانە"
سەبارەت بە میکانیزمی ئامادەکاری بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە لە مانگی ئابدا بەڕێوەدەچێت، دەڵێت: هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەژێر ناوی هاوپەیمانی گەلان و ژنان بۆ ئازادی، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە و زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان و ٢٢ پارت بەشداری دەکەن، وەک پارتی یەکێتی دیموکراتیک، پارتی سوریای ئایندە و پارتی چەپ، بەرنامەی هەڵبژاردن لە هەموو لایەنە ژینگەیی و خزمەتگوزارییەکان بەردەوامە بە پەرەپێدانی ڕاگەیاندن و ڕێکخستنی کۆبوونەوە بۆ خەڵک بۆ ناساندنیان بە کاندیدەکان و خوێندنەوەی بەرنامەی هەڵبژاردن و هەڵواسینی بڵاوکراوە لە شار و دابەشکردنی بەسەر خەڵکدا.
لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، بەشداری ژنان بەڕێژەیەکی زیاتر لەم هەڵبژاردنانەدا بەدی دەکرێت، ئەمەش بە هەنگاوێکی باش دادەندرێت بۆ ئەوەی ژنان بەشداری بڕیاردان بەتایبەتی هەڵبژاردن بکەن، بە ڕێژەیەک هاوتای پیاوان بێت، بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن، وتیشی: ئامادەبوون وەک ژنان بە قەوارەیەکی تایبەت بە خۆیان لەم هەڵبژاردنانەدا، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژنان ڕۆڵی خۆیان دەگێڕن، پێشەنگایەتی لە ڕێکخستنی هەڵبژاردن بە میراتی خەباتی خۆیان لە شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا دەکەن.
" ئەم هەڵبژاردنانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و ڕوونی خەباتی ژنانە"
ئامینە ویسو، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم ئاستە خەباتەی کە ژنان لە ڕۆژئاوا پێی گەیشتوون، بە خەباتی ژنان لە شۆڕشی ١٩ی تەمووزەوە بەدەستهاتووە، کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانی دەستی پێکرد، خەباتێکی مێژوویی دژی عەقڵیەتی پیاوسالاری و تاکڕەوی بوو، هەربۆیە ئەم هەڵبژاردنانە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆ و ڕوونی خەباتی ژنانە لە چوارچێوەی شۆڕشی ١٩ی تەمموزدا.
ئامینە ویسو لە کۆتایدا وتی: هەرێمەکەمان ڕووبەڕووی چەندین هێرش بووەتە بەهۆی ئەو هەڵبژاردنانەوە، چونکە ئێمە لە ڕێگەی ئەو هەڵبژاردنەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی دیموکراسی دەکەین، پێویستە هەمووان بزانن هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا نابێتە ڕێگر لە بەردەم پڕۆسەی هەڵبژاردن، بەردەوام دەبین لە گەیشتن بەو ئەنجامەی کە ویستی خەڵکە.