هەڵەبجە سیستمی دیجیتاڵکردنی گەڕەک و کۆڵانەکان جێبەجێ دەکات

پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی گەڕەک، شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەڵەبجە لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەڵەبجە

 

پاش نیوەرۆی ئەمرۆ لە شاری هەڵەبجە بە ئامادەبوونی هەریەک لە پارێزگار و یەکە ئیداریەکانی هەڵەبجە پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی گەڕەک، شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەڵەبجە جێبەجێکرا، لە ئێستادا هاوڵاتیان دەتوانن سود لەم خزمەتگوزاریە وەربگرن.

 

خێڵان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانیەکانی هەڵەبجە، ئاماژەی بەوە کرد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانی هەڵەبجە پرۆژەی بە ئەلکترۆنکردنی ٣٦٠ پلەی لە هەڵەبجە، خورماڵ، سیروان و بیارە بە ناولێنانی گەڕەک و کۆڵانەکان خستە بواری جێبەجێکردنەوە و لە ئێستادا هاوڵاتیان دەتوانن ئەو خزمەتگوزارییە بەکاربهێنن.

 

دەربارەی سودی ئەم سیستمە وتی: ئەم پڕۆژەیە دەتواندرێت سودی لێ ببیندرێت بە گشتی و بەتایبەت لەلایەن ئەو کەسانەی لە ڕێگەی لۆکەیشنەوە دەچن بۆ جێگای جیاواز، وەک گەشتیاران یاخود ئەو کەسانەی شارەزای ناوچەکان نین، جگە لەوەش خاوەن نوسینگەکان بە وێنەی گەڕەک و شەقامەکان دەتوانن مامەڵە بە زەویەکانیانەوە بکەن، چیتر پێویست ناکات برۆن بۆ شوێنەکە تا بتوانن بیبینن، تەنها لە ڕێگەی گۆگڵ و موبایلەکانیانەوە هەموو شتێک دەبینن.

 

جێی ئاماژەیە ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا تەنها لە ناوچەکانی سەر ئیدارەی ڕاپەرین و هەڵەبجە پەیڕەو کراوە، کە دەکرێت ببێتە یارمەتیدەری هاوڵاتیان و سودی لێ ببینن.