"بە یەکگرتووی ژنان لە خەباتدا، کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی دروست دەبێت"
بەشداربووانی سیمپۆزیۆمی وتوێژی نوسینگەی ژنان لە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک دووپاتیان کردەوە کە ئەو ژنانەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کردە بنەما بۆ خۆیان و ژیانی خۆیان، بوونەتە نمونە بۆ ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا.
شەهبا
بەژێر دروشمی "ئەو گۆشەگیرییەی کە لەسەر ژنان لە هەموو بوارەکاندا پراکتیزە دەکرێت، بە ڕاستی دەشکێت"، نوسینگەی ژنان لە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بۆ کانتۆنی عەفرین - شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سیمپۆزیۆمێکی وتووێژی لە هۆڵی "شەهید ئاخین" ئەنجامدا.
نوێنەری ئۆرگان و دامودەزگاکانی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک، کۆنگرە ستار، ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسییەکانی ناوچەکە بەشدارییان لە سیمپۆزیۆمەکەدا کرد، کە هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی شەهیدان زەینەب کناجی 'زیلان' و سەما یوجا ڕێکخرابوو، کە لە مانگی حوزەیران لە کاتە جیاوازەکاندا شەهید بوون.
سەرەتای سیمپۆزیۆمەکە بە پێشکەشکردنی فیلمێک سەبارەت بە ژیانی ئازادیخوازان زیلان و سەما یوجا دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئەفراح عەلی، یەکەم تەوەری سیمپۆزیۆمەکەی خوێندەوە، کە بریتی بوو لە مانای ڕاستەقینەی شەهیدبوون و شەهیدان.
لە بەشی دووەمدا پرسیاری بەشداربووانی لەخۆگرتبوو، لەوانە: پرۆژەی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنان کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالانەوە لە ساڵی ١٩٩٨ دا پێشنیارکرابوو، دوای ئۆپەراسیۆنی گەریلا کە لەلایەن شەهید زیلانەوە ئەنجامدرا، چۆن هەڵسەنگێندرا؟ لە کاتی هێرشکردنە سەر ژنان و بزووتنەوەکەدا ڕۆڵی چالاکوانانی ژن لە زیندووکردنەوە و نوێکردنەوەی بزووتنەوەکەدا چۆن هەڵسەنگێندرا و ئەو پەیامە چی بوو کە ئەو دوو شەهیدە دەیانویست بیگەیەنن؟
سیمپۆزیۆمەکە بە گفتوگۆی بەشداربووان درێژەی پێدرا، هەروەها ئەفراح عەلی ئەندامی مەکتەبی ژنان لە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک باسی لە ئامانجەکەیان کرد لە بەڕێوەبردنی ئەم سیمپۆزیۆمەدا، وتی: ئامانجمانە ئەو پەیامە بگەیەنین کە ژنان دەتوانن ڕێگەی خۆیان بۆ پێشەوە بکەنەوە و ئازادی بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، بە یەکگرتوویی خۆیان لە خەبات و ڕێپێوان بەرەو دیموکراسی و یەکسانی، دەتوانن کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی بنیاد بنێن.
یڵدز موسا، ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە، باسی لەوە کرد کە ژنانی شەهید بە گیانی خۆیان باجیان دا بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێبازی ژنان، هەروەها ژنان هەمیشە نموونەن لە ژیاندا، گیانی خۆیان بەخت دەکەن بۆ ئازادی و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە، جەختی کردەوە کە ئەوەی ژنان بەدەستیان هێناوە و ئەوەی خەباتیان بۆ کردووە، لە سایەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان بەدەستهاتووە.