لە چەند کاتژمێرێکدا دوو ژنی ڕۆژنامەنووس لە غەززە گیانیان لەدەستدا

لە چەند کاتژمیری ڕابردوو سێ ڕۆژنامەنووس کە دووانیان ژنن گیانیان لەدەستدا و ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ ١٥٠ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەبەردەم بێدەنگی جیهان سەبارەت بە تاوانەکانی جینۆساید، هێزەکانی ئیسرائیل لە هەوڵێکدا بۆ کوشتنی ڕاستییەکان و شاردنەوەی لە بیروڕای گشتی ڕاستەوخۆ ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج.

 

 دوێنێ یەکشەممە ٩ی حوزەیران، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، دوای ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا سێ ڕۆژنامەنووس لە ئەنجامی بۆردوومانی بەردەوامی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی گیان لەدەستداویش بۆ ١٥٠ ڕۆژنامەنووس بەرزبووەوە.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە مانگی ئایار لەلایەن سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینەوە بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەکراوە، هێزەکانی ئیسرائیل بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان ڕۆژنامەنووسان دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن، نەک تەنها برینداریان بکەن.

 

سەرۆکی لێژنەی ئازادییەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان وتی: لە هەموو شەڕ و ململانێکاندا ئاساییە کە ژمارەی بریندارەکان زۆر زیاترە لە ژمارەی گیان لەدەستداوان و ئەمەش وایکردووە ئەوەی لە فەلەستین ڕوودەدات ناسروشتی بێت، چونکە ئاماژەیە بۆ ئەوە بڕیارێک لە بەرزترین ئاستی سیاسیدا لە سیستمی ئیسرائیلدا هەیە کە ئامانج لێی کوشتن و لەناوبردنی ڕۆژنامەنووسانە.

 

ئەو سێ ڕۆژنامەنووسەی کە بەم دواییە گیانیان لەدەستداوە، ئەحلام عیزەت عەجلە، ڕۆژنامەنووس و پەیامنێری گۆڤاری "لسعادة الأسرية"، ڕۆژنامەنووس دینا عەبدوڵا ئەلبەتنیجی لە دامەزراوەی میدیایی "الثريا" عەبدوڵڵا ئەحمەد جەمال، سەرنووسەر و ڕۆژنامەنووس لە دەزگای " فلسطين الآن"ن.