ڕێکخراو و تەڤگەرەکانی ژنان بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی کارێکی گەورە دەکەن

لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەمەبەستی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، ڕێکخراو و تەڤگەرەکانی ژنان دەستیان کردووە بە هۆشیارکردنەوەی خەڵک و توێژینەوە بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- ژنان لە هەموو جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبنەوە، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕێکخراوەکانی ژنان بە هێزی بونیادنانی شۆڕشی ژنان هەنگاوی گەورە دەگرنەبەر بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پێکەوە ژیانی ئازاد لەنێوان ژن و پیاودا،  ڕێکخراو وتەڤگەرەکانی ژنان لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی بەردەوامدان لە دژی توندوتیژی دژی ژنان و جیاوازی رەگەزی.

 

وەسام شەمالی، ئەندامی ناوەندی توێژینەوەی ژنۆلۆژی لە کانتۆنی تەبقا، مەیادە ئەحمەد، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا لە کانتۆنی ڕەققە سەبارەت بەو چالاکییە هۆشیاریانەی کە لە ناوچە ئازادکراوەکان ئەنجامی دەدەن قسەیان بۆ کردین.

 

ناوەندی ژنۆلۆژی توێژینەوە ئەنجام دەدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان

وەسام شەمالی، ئەندامی ناوەندی ژنۆلۆژی لە کنتۆنی تەبقا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆمەڵگەدا ئازاری جیاکاریی ڕەگەزی و ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەی کە لە ٥ هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە هەبووە، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها کاتی کۆنترۆڵکردنی چەتەکانی داعش لە ناوچەکەدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و تواناکانیان هەبوو، کە لە ئەنجامدا چەندین قەیرانی دەروونی و جەستەیی لێکەوتەوە.

 

"دەتوانین بە ڕێکخستن دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بوەستینەوە"

وەسام شەمالی سەبارەت بە ڕێگاکانی ڕاگرتنی توندوتیژی دژی ژنان وتی: بە ڕێکخستنی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی عەقڵیەتی دەسەڵاتدار و هۆشیارکردنەوەی ژنان دەتوانین توندوتیژی ڕابگرین، هەروەها گرنگی پێکەوەژیانی ئازاد و چۆنیەتی بونیادنانی خێزان و ئازادی و کاری هاوبەش لە دامەزراوەکاندا، دەتوانین سەرنجمان لەسەر پەروەردەی ژنان و پیاوان بێت، وەک ناوەندێک ئەم عەقڵیەتانە و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی شی دەکەینەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو کێشانە دەکەین کە بۆ ژنان سەرهەڵدەدەن.

 

کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ڕووبەڕووی دیاردەی نەرێنی دەبێتەوە

مەیادە ئەحمەد، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا وتی: گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە سەرنجمان لەسەر هۆشیار کردنەوەی ژنانە لە ڕێگەی هەنگاوی هۆشیارکردنەوە لە کۆمەڵەکەدا، بە ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازادی کۆمەڵگە، لە سەردەمی ئێستادا، گەیشتن بەوە ئاسان نەبوو، هەمووی لە ئەنجامی خەباتێکی گەورەدا ئەنجامدرا، سەرەڕای ئەو هەموو سەختییەی لە کۆمەڵگەدا هەبوو، بە داب و نەریتی کۆن و چەندین بابەتی دیکەدا تێپەڕین.