تەڤگەری ئازادی: سزای گۆشەگیری نایاسییە و بڕیارێکی تەواو سیاسییە
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان هۆشداری لە دۆخی گۆشەگیری ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەدات و ڕایگەیاند، ئەم دۆخەی ئێستا سیپی تی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لێی بەرپرسیارە.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە بارەگای تەڤگەری ئازادی لە شاری سلێمانی، تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە دۆخی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و سزادانی دیسپلینی بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە و قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکەیدا، بەست و ڕایگەیاند، لە ٢٥ ئاداری ٢٠٢١-ەوە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، لە ژێر هەلومەرجێکی سەختی گۆشگیریی دایە، کە هیچ زانیارییەک لەبارەی ژیان و تەندروستییەوە نازاندرێت.
"سزای گۆشەگیریی نایاساییە و بڕیارێکی تەواو سیاسییە"
چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی بەڕێەربەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کرد: بەم بڕیارەی دادگای تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا کە لە ژێر حکومی سیاسەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، لە زیندانی پیتی (F)ی ئیمراڵییدا عەبدوڵا ئۆجالان و هەڤاڵەکانی عومەر غەیریی کۆنار، وەیسیی ئاکتاش، حامیلی یەڵدرام رێگریی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ پارێزەران و بنەماڵەکانیان لەسەر جێبەجێدەکرێت و بەم بڕیارە گۆشەگیریی سەخت پێدەنێتە ساڵی چوارەمەوە. هەروەها لە چوارچێوەی “هەڵمەتی جیهانیی ئازادیی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری سیاسیی بۆ پرسی کورد” زیندانیانیی سیاسیی باکووری کوردستان و تورکیا ماوەی ١٧٩ رۆژە مانگرتنی بێکۆتایان لە خواردن راگەیاندووە، ئەم هەڵوێستەی زیندانیانی سیاسیی دژ بە سیاسەتی قڕکرنی کولتووریی و جەستەیی گەلی کورد و سیستمی ئەشکەنجەی ئیمراڵیی دەستی پێکردوە؛ لەگەڵ ئەم بەرخۆدانەشدا هێشتا دەوڵەتی تورکیا پێداگرە لەسەر سیاسەتی ئینکار و پاکتاوکردن و هەر بۆیە دادگا کە ئاکەپە-مەگەپە دەستیان بەسەردا گرتووە لە دۆسییەی کۆبانێدا سزای بەسەر زیندانیانی سیاسیی و ئازادیی خوازانی سیاسیی تورکدا سەپاند."
لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەشدا، چرۆ شوانی ئەوەی خستەڕوو کە، "ئەم گۆشەگیرییەی لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان و هاوزیندانییەکانی جێبەجێدەکرێت، ناکۆکە لەگەڵ یاسا و دەستووی تورکیا و هەروەها پێشلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە؛ ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە سزای گۆشەگیری نایاسییە و بڕیارێکی تەواو سیاسییەو دژی هەموو مافەکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤە، لەبەرامبەر ئەمەدا کۆمیتەی دژە ئەشکەنجەی ئەورپا(CPT ئەرکە یاسایی و مرۆیی و ئەرکی پیشەیی رێکخراوەیی خۆی جێبەجێ نەکردوە و بەڵکو بووەتە هۆکاری پەردەپۆشکردنی سیستمی نایاسایی ئەشکەنجەی ئیمراڵیی؛ (CPT) بەشاردنەوەی زانیارییە بەدەستهاتووەکان لە ئیمراڵیی بەشدار و هاوکارە لە سزای گۆشەگیرییدا. بێدەنگیی سی پی تی لە ئاستی دۆزی ئیمراڵیی رووی ڕاستیی دادگای باڵای ئەوروپا ئەخاتە ژێر پرسیارەوە. هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئەوروپا و جیهان رووبەڕووی پرسێکی یاسایی و ئەخلاقیی و مرۆیی ئەکاتەوە. هۆکاری بەردەوامییدان بەم سزایانە دەگەڕێتەوە بۆ رێگرکردن لە سوودمەند نەبوونی رێبەر ئۆجالان لە “مافی هیوا”ی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا، کە هەرکەسێک زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە زینداندا بێت، ئەوا مافی پێداچوونەوەی بە دۆسێیەکەیدا هەیە و دەکرێت ئازادیی مەرجداری بۆ دەستەبەربکرێت"