کۆنگرەی ستار داوای لێپێچینەوە لە بکوژانی ژن دەکات

کۆنگرەی ستار لە شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە بە ڕاگەیەندراوێک جەختی لەسەر کوشتنی ژنان کردەوە و داوای لێپێچینەوە لە بکوژەکان دەکات.

حەسەکە

 

کۆنگرەی ستار لە شاری تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە مەبەستی شەرمەزارکردنی کوشتنی ژنان ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا، کە پیویستە تاوانباران دادگایی بکرێن.

 

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن هیام یوسف، بەڕێوەبەری کۆنگرەی ستار خوێندرایەوە، دەیان ژن و ئەندام و بەڕێوەبەری دامودەزگا و ئەنجومەنەکان ئامادەبوون، تیایدا هاتووە، "ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هێشتا ڕووبەڕووی هێرش و توندوتیژی و ڕەگەزپەرستی دەبنەوە، مەبەست لەم جۆرە هێرشانە ڕێگریکردنە لە گەشەسەندنی ژنان و گەڕاندنەوەیەتی بۆ ژیانی کۆیلایەتی کە ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و دەروونی ببنەوە، ژنان ئەوە پەسەند ناکەن، بە هۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە، ژن کۆتایی بە ژیانی خۆی دەهێنێت، مریەم شێخ عەلی ئیبراهیم، ​​کە لە گوندەکانی شاری تل تەمر بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە، تا ئێستا هۆکاری کوشتنەکەی نادیارە، بۆیە ئێمە تاوانباری یەکەم بە ئەقڵیەتی پیاوسالاری دادەنێین و داوای لێپێچینەوە لە تاوانباران دەکەین".

 

ڕاگەیەندراوەکە بە وتنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.