وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد

تێکۆشەرانی مافی ژنان وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی کە لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، دژی گواستنەوەی وریشە مورادی بۆ زیندانی ٢٠٩ی ئیتلاعات دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی ١٤ی ئایار، وریشە مورادی-جوانا سنە، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کژار، کە سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٢٣ دەستبەسەر کرابوو، بە فەرمانی دادوەر سەلەواتی لە زیندانی ژنانەوە بۆ زیندانی ژمارە ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعات گواسترایەوە و بە پێی زانیارییەکان وریشە مورادی دژی گواستنەوەکە دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

 

پەخشان عەزیزی، چالاکوانی مافی ژنان، کە هاوژووری وریشە مورادییە لە زیندانی ژنان، وەک ناڕەزایەتی دژی گواستنەوەی وریشە مورادی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد، هەروەها گواستنەوەی وریشە مورادی لە کاتێکدایە، کە ماوەی هەفتەیەکە لەلایەن دادوەر سەلاواتییەوە مافی پەیوەندیکردن و سەردانی خێزانەکەی لێسەندراوەتەوە.

 

وریشە مورادی ڕۆژی ١ی ئابی ٢٠٢٣ لە نزیک شاری سنە و پەخشان عەزیزی لە ٣ی ئابی ٢٠٢٣ لە تاران دەستبەسەر کران، دوای ٥ مانگ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لە ناوەندی ئیتلاعات، بۆ زیندانی ژنانی ئەڤین لە تاران گوازرانەوە، هەرچەندە ٩ مانگ بەسەر دەستگیرکردنیاندا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستا دادگایی نەکراون.