هونەرمەندانی کورد، عەرەب، ئەرمەنی: هۆزان مزگین هێڵی ئازادییە

هونەرمەندانی کورد، عەرەب و ئەرمەنی یادی ٣٢ ساڵەی هونەرمەند و ڕێبەری خەباتی ژنانی کورد، غوربەت ئایدینیان بەرز ڕاگرت و وتیان، هۆزان مزگین هێڵی ئازادییە، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ میراتی کار و خەباتی ئەو و هەڤاڵانیەتی.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- هۆزان مزگین هونەرمەند و ڕێبەری خەباتی ئازادی ژنانی کورد، لە ١١ی ئایاری ١٩٩٢ لە شاری مێردین لە باکووری کوردستان، کاتێک ماڵەکەی لەلایەن سەربازانی تورکیاوە گەمارۆدرا، چالاکی گیانفیدایی ئەنجامدا تا نەکەوێتە دەستی سەربازەکانەوە، بە بۆنەی ٣٢یەمین ساڵیادی شەهیدبوونی غوربەت ئایدین ناسراو بە هۆزان مزگین، هونەرمەندانی کورد، عەرەب و ئەرمەنی لە کانتۆنی جزیرەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕایانگەیاند کە کاریگەری خەبات و پێشەنگایەتی هۆزان مزگینیان لەسەر بووە و بۆ پەرەپێدانی هونەری شۆڕشگێڕانەی میراتی هۆزان خەبات دەکەن.

 

"هونەری شۆڕشگێڕانە بەرەوپێش دەبەین"

ڕەشا عەلۆ، ئەندامی بەڕێوەبەری تەڤگەری هیلالی زێرین لە تل تەمر، کە لە پێکهاتەی عەرەبە، ڕایدەگەیەنێت، شەهید مزگین لە دڵی هەموو ژنێکدایە و وتی: ئێمە هۆزان مزگینمان لەبیرە، لە ساڵیادی شەهیدبوونیدا، وەک ژنانی هونەرمەند، لە کەسایەتی شەهید مزگیندا هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ بە بیر دهێنینەوە، هەموو ساڵێک وەک تەڤگەری هیلالی زێڕین لە ١١ی ئایاردا یادی شەهید مزگین دەکەینەوە و بە چالاکی ئەم ڕۆژە بەرز ڕادەگرین.

 

"مزگین هێڵی ئازادییە بۆ ئێمە"

هونەرمەندی کورد سیماڤ عەبدە باسی لەوەکرد، کە هۆزان مزگین هێمای هێڵی ئازادییە بۆ ژنان و وتی: شەهید مزگین بۆ ئێمە بووەتە هێڵێک و لەسەر ئەو هێڵە دەڕۆین، ئەو هێڵەش بە خەبات و قوربانیدانی شەهیدان پارێزراو بووە، سەرەڕای هێرشەکان بوونی خۆی دەپارێزێت، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ژنان بە دەنگ و زمان و هونەری کوردییەوە دێنە سەر شانۆ، میراتی شەهید مزگین و هەڤاڵانین، ئەمڕۆ خەمخۆری هونەر خەمخۆری گیانی شەهیدانە، مرۆڤ لە ڕێگەی هونەرەوە بوونی خۆی دەپارێزێت، هەروهەا بۆ یادی شەهید مزگین، ئەمڕۆ بۆنەیەک لەسەر ئاستی کانتۆنی جزیرە بەڕێوەدەچێت و بەشداری تێدا دەکەین و ڕۆحی هونەرمەند شەهید مزگین زیندوو دەکەینەوە.

 

"ئێمە قەرزاری کار و قوربانیدانی ئەوین"

هونەرمەندی ئەرمەنی میسا یێرلیس لۆمۆنیان یادی هۆزان مزگینی کردەوە و وتی: بە ڕێزەوە پێشەنگی ئازادی و زیندووکردنەوەی هونەر هۆزان مزگین بەبیر دەهێنینەوە، ئەو هونەرمەندێکی کورد بوو، بوو بە دەنگی شاخ و دەنگی خۆی گەیاندە هەموو کورد، پێش ئێستا نەماندەتوانی وەک هونەرمەندی ئەرمەنی پەرە بە هونەرەکەمان بدەین، بەڵام دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، کە لەسەر بنەمای تێکۆشان و شەهیدبوونی مزگین و هەڤاڵانی دامەزراوە، هەنگاوی پێشکەوتوومان ناوە و ئاگاداری هونەر و کولتوور و زمانمان بووین، بۆیەئێمە قەرزاری کار و قوربانیدانی شەهیدانین.