نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بارەگای بزووتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار و سوعاد حەفتار، ئەندامی دەستەی کارگێڕی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشووری کورستان، سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆنگرەی ستاریان پێشکەش بە ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد.

 

خەڵاتەکە لەلایەن ڕۆزا حەسەن پێشکەشی سازە عەبدوڵا، بەرپرسی ژووری پەیوەندیەکانی بزووتنەوەی گۆڕان کرد، لە پێناوی ئەو خەبات و تێکۆشانەی کردوویانە بۆ پرسی ژنان.

 

دواتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەی ستار باسی لەوەکرد، "ئەوەی کە پشتیوانی لە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ژنانی باشووری کوردستان بوون، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە کار و خەباتمان پێکەوە هەیە و بەردەوامیمان هەیە، بە تایبەت لە کەسایەتی شەهید ڕەیحاندا پەیوەندییەکی بەهێزی هەبووە لەگەڵ ژنانی باشووردا".

 

سازە عەبدوڵا، بەرپرسی ژووری پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی دەستەی ژنان، وتی: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم و بەخێرهاتنیان دەکەم، کە ئەمڕۆ لەلایەن ڕێکخراوی نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، ئەم خەڵاتەم پێشکەشکرا، بڕیارماندا پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەهێزتر بێت و کاری هاوبەشمان هەبێت لەسەر دۆزی نەتەوەی و نیشتمانی و دۆزی ژنان، هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر کار و چالاکیمان هەبێت.

 

جێی ئاماژەیە کۆنگرەی ستار بەهۆی ئەو خزمەت و تێکۆشانەی ژنانی باشووری کوردستان لە پێناو چوار پارچەی کوردستان ئەنجامیانداوە، خەڵاتی ڕێزلێنان دەبەخشێتە لایەنەکان و لە ماوەی ڕابردووشدا هەریەک لە کۆمیتەی شەهیدان، کەناڵی ژن تیڤی، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، رێكخراوی پەیوەندیەكانی ژنانی كورد-ڕێپاک و ڕێکخراوی مەرزیە بۆ گەشەپێدانی هونەری و کولتووری خەڵاتی ڕێزلێنانیان پێشکەشکراوە.