١ی ئایار بۆ ئێمە زۆر بە نرخ و بەواتایە"

هندرین سینۆ، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆزەلین بەکر، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئابووری ژنان لە ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار و ژنانی کارکەری قامیشلۆ بەبۆنەی ١ی ئایار وتیان: ١ی ئایار بۆ ئێمە زۆر بە نرخ و بە واتایە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ- لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان کە لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٢ دەستیپێکرد، ژنانی ڕۆژئاوا، باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیان بە کارەکانیان کرد، لەگەڵ پارادایمی دیموکراسی و ژینگەیی و ئازادی ژنان، پێکەوە ژیانێکی نوێ بونیاد دەنێن، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوادا، ژنان بەشداری لە بەڕێوەبەرایەتییەکاندا دەکەن بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئازاد، هەروەها پێشەنگن لە ژیانی کاردا.

 

ژنانی کارکەر لە قامیشلۆی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا، هندرین سینۆ، هاوسەرۆکی دەستەی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆزەلین بەکر، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبۆنەی ١ی ئایار بۆ ئاژانسەکەمان قسەیان کرد.

 

"کار بەهایەکی پیرۆزە"

فەلەک عەبدولڕەحماندی، کە لە فرۆشگەیەک لە قامیشلۆ کار دەکات، سەرەتا  ڕۆژی جیهانی کرێکاری لە هەموو ژنانی زەحمەتکێش پیرۆز کردو وتی: کار بۆ مرۆڤ گرنگە، پێویستە کار بۆ بژێوی ژیان بکرێت، ئەوە ڕاستە کە لە ڕابردوودا ئەمە بە قەدەغەکراو و شەرمەزاری بۆ ژنان دەبیندرا، بەڵام ئەمە کەمیکردووە، بۆ ئەوەی بتوانم پشتگیری خۆم و دایکم بکەم، پێویستە خۆم کار بکەم، من زۆر شانازی بە ژنانی کارکەرەوە دەکەم، چونکە کار بەهایەکی پیرۆزە.

 

غەزالە زرگان کە تەمەنی ٢٩ ساڵە و لە کارگەی گەنم و ئارد لە قامیشلۆ کار دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، حەزی لە کارەکەیە و وتی: ٧ ساڵە لە کارگەکانی گەنم کار دەکەم، زۆر حەزم لە کارەکەمە، گرنگترین شت ئەوەیە که مرۆڤ پێویستی بە کەسێکی تر نەبێت، دۆخی ئابووریمان خراپە، دەمانەوێت دۆخی ئابووری ناوچەکەمان باشتر بێت، بە تایبەتی پشتیوانی لە کرێکاران دەکەین.

 

بەم نزیکانە یەکێتی کرێکاران ڕادەگەیەنرێت

لەبارەی ئەو کارەی کە بۆ کرێکاران ئەنجامدراوە بە پێشەنگایەتی خۆبەڕێوەبەری، هندرین سینۆ، هاوسەرۆکی دەستەی کاروباری کۆمەڵایەتی وتی: ڕێگا و ئامرازەکانی کرێکاران لە ناو دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری ڕاست دەکەینەوە، تا ئێستا کارەکانمان بەو شێوەیە ئەنجام دراوە، دوای پەسەندکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەچینە قۆناغێکی نوێی ڕێکخراوی کار، بەپێی ئەم هاوپەیمانێتییە ئێمە و یەکێتی کرێکاران کار لەسەر دروستکردنی یەکێتییەک دەکەین کە بەم زووانە ڕادەگەیەندرێت، ئەم یەکێتییە کار بۆ باشترکردنی کارەکانی کرێکاران و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکات.

 

یاسای کرێکاران

هندرین سینۆ تیشکی خستە سەر گرنگی پەسەندکردنی هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی بۆ کردنەوەی ڕێگا بۆ دامەزراندنی یاسای کرێکاران و وتی: لە هەمان کاتدا هەوڵدەدەین ئەو پرەنسیپانە جێبەجێ بکەین بۆ پاراستنی مافەکانیان بەگوێرەی یاساکانی ئێستا، بێگومان هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی ڕێگایەک بوو بۆ ئامادەکردنی یاسای کرێکاران بۆ چاودێریکردن و بەدەستهێنانی مافەکانی کرێکاران لە ناوەوە و دەرەوەی دامەزراوەکان، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ نەهێشتنی کەموکورتییەکان.

 

"هەوڵ دەدەین هەلی کار بۆ ژنان بڕەخسێنین"

هەروەها تەڤگەرو ڕێکخراوەکانی ژنان هەوڵ دەدەن بەشداری لە پڕۆژە بەکۆمەڵ و هاوبەشەکاندا بکەن بۆ ژنانی کرێکار و بەهرەمەند. ڕۆزەلین بەکر، ئەندامی بەڕێوەبەریی ئابووری ژنان لە کۆنگرەی ستاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی:١ی ئایار بۆ ئێمە زۆر بەنرخ و مانادارە، چونکە یەکێک لە بنەماکانی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ کە پیشکەشی کردووین کارە بەتایبەتی کاری ژنانە. سەدان ژنی کرێکار بەشدارن لەو پڕۆژە و هاوکارییانەی کە لەلایەن ئابووری ژنانەوە پێشکەش دەکرێن، هەوڵی زۆرمان هەیە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە بواری کاردا و هەوڵ دەدەین لە ساڵانی داهاتوودا پرۆژەکانمان فراوانتر بکەین، هەواڵی خۆشمان هەیە بۆ ژنان، کار بۆ ژنان دەکەین بۆ ئەوەی هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین، بە تایبەتی لە ڕووی پیشەیی و کشتوکاڵییەوە، ژنان دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن لە ڕێگەی لیژنەکان و ئەنجومەنەکان و ناوەندەکانی کۆنگرەی ستار، ئەوە ڕاستە کە کۆسپ و کێشە هەیە، بەڵام پێکەوە هەوڵ دەدەین هەنگاو بە هەنگاو بەسەر هەموو ئەمانەدا زاڵ بین.