"وەک ڕۆژنامەنووسانی ئازاد دژی داگیرکاری دەوەستینەوە"

لە درێژەی کاردانەوەکان بەرامبەر هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد، ڕۆژنامەنووس شایی ئارام دەڵێت: ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان و هەموو کوردێکی ئازاد مەترسی داگیرکاری لەسەر دەبێت، بۆیە لە دژی داگیرکاری دەوەستینەوە.

هێلین ئەحمەد

 

 سلێمانی_ درەنگانی شەوی ٢٢ی نیسان، پۆلیسی بەلجیكا هەڵیكوتایە سەر باڵەخانەكانی تەلەفزیۆنی ستێرك تیڤی و مەدیا خەبەر و دەرگاكانیان شكاند و چوونەتە ناو ستۆدیۆکانەوەو ئامێرەكانی ناویان تێكشكاند، لە ڕاگەیەندراوێکدا هەردوو کەناڵ ئاماژەیان بەوەدا، زیاتر لە ٢٠٠ پۆلیس گەمارۆی بیناکەیان داوەو بۆ ماوەی نزیكەی چوار كاتژمێر لەناو باڵەخانەكەدا ماونەتەوە، دەستیان بەسەر كۆمپیوتەر و كەرەستەی تەكنیكی كەناڵەكاندا گرتووە، چەندین كەرەستەیان لە ناوبرد و تاڵانیان كرد، هەروەها هەموو كێبڵەكانی پەخشیان بڕیوە.

 

ئەم هەڵکوتانانە بۆ سەر ستۆدیۆ تەلەفزیۆنییەکان هاوکاتی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و دوای سەردانەکەی تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بوو بۆ هەرێمی کوردستان، کە ناڕەزایەتی ئازادیخوازان، ڕۆژنامەنووسانی ئازادی لێکەوتەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، وڵاتانی ئەوروپا بە ناو دیموکراسین و بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دیموکراسی بەکار دەهێنن.

 

" دەوڵەتی تورکیا دەستی هەیە لە هێرشەکانی سەر باشوور و میدیای ئازاد"

شای ئارام، ڕۆژنامەنووس ئاماژەی بەوەکرد، لە وڵاتێکی دیموکراسیدا ئەم هێرشانە بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد یەکەم جار نیە ئەنجام دەدرێت، بەڵام هێرشەکانی ئەمجارە هاوکات بوو لەگەڵ ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی و سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ باشووری کوردستان، کە هەوڵدەدات کۆدەنگیەک کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر کوردان، وتی: ئەو هێرشەی لە بەلجیکا بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کرا، بە دڵنیایەوە بە دوور نیە لەو سەردانەی ئەردۆغان کە بۆ باشووری کوردستانی کرد، هەروەها سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوە دەستێکی باڵای هەیە بەسەر هەموو وڵاتاندا، بۆیە بەدڵنیایەوە ئەم هێرشانە بۆ نەهێشتنی دەنگی کوردی ئازادە، دەوڵەتی تورکی داگیرلەر خاڵی هاوبەشی ئەو هێرشانەیە لە باشووری کوردستان و دژایەتی کردنی کورد لە ناوەندە ئەوروپیەکاندا.

 

" دژی داگیرکارییەکان دەوەستینەوە "

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هێڕشانەی ئەنجام دەدرێت بۆسەر ڕۆژنامە نووسانی ئازاد دەبتێە مەترسی بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ئازاد کە لە هەر جێگایەکدا کاربکەن بۆ گەلی کورد، ڕۆژنامەنووسانی باشووری کوردستان و هەموو کوردێکی ئازاد مەترسی داگیرکاری لەسەر دەبێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شایی ئارام وتی: وەک ڕۆژنامەنووسانی ئازاد لە باشووری کوردستان هەمووکات پشتیوانی هەموو ڕۆژنامەنووسان دەکەین و هەمووکات لەدژی داگیرکاری سەر کورد دەوەستین، دژی ئەو داگیرکاری و دەسترێژییانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکات دەوەستینەوە.