ڕێکخراوی سارا: بەئامانجگرتنی پێشەنگەکانی شۆڕش تاوانی دژی مرۆڤایەتییە

ڕێکخراوی سارا لە شاری حەسەکە بەیاننامەیەکی لەبارەی بەئامانجکردنی حەلیمە محەمەد عوسمان، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا لە کۆبانێ بڵاوکردەوە.

حەسەکە

 

ڕێکخراوی سارا بۆ تێکۆشان لە بەرامبەر توندوتیژی دژ بە ژنان لە حەسەکە، سەبارەت بە بۆردومانی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە ڕۆژهەڵاتی کۆبانێ و برینداربوونی حەلیمە محەمەد عوسمان، وتەبێژی ڕێکخراوی ساراو هاوژینەکەی، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو لەبەردەم ڕێکخراوی سارا لە شاری حەسەکە لە گەڕەکی مەرشۆ لەلایەن فەرەح محەمەد حەمود، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سارا لە شاری حەسەکە خوێندرایەوە.

 

"ژنانی پێشەنگ سەرکەوتوو بوون لە جێبەجێکردنی پرۆژەی پاراستنی یاسایی"

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: هەموو کەسێک هێز و ئیرادەی ژنان و دەستکەوتەکانی دەزانێت، بۆیە لە ئیرادەی دەترسێت، باش دەزانین کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا، ئەگەر ژنان ئازاد بن و گەشە بکەن، کۆمەڵگە ئازاد دەکرێت و گەشە دەکات، لەبەر ئەم هۆکارە ژنانی پێشەنگ دەکرێنە ئامانج، ئەمە یەکەم جار نییە کە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر پیشەنگانمان دەکاتە ئامانج، دەیان پێشەنگی ئەم شۆڕشە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرانە ئامانج ، پێویستە ئێمەی ژنان دەست بخەینە ناو دەستی یەک دژی پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بوەستینەوە، چونکە ئەو هێرشانە نامرۆڤانەیە، هەمووان بینییان لە ١٨ی نیسانی ٢٠٢٤، کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا چۆن وتەبێژی ڕێکخراوی سارای کردە ئامانج لە کۆبانێ، ڕێکخراوی سارا تێکۆشان لەبەرامبەر توندوتیژی دژ بە ژنان دەکات و وتەبێژەکەی دەکاتە ئامانج بۆ ئامانجکردنی هەموو ژنان، بێدەنگی وڵاتانی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هێرشەکان شەرمەزار دەکەین و داوای قەدەغەکردنی ئاسمانی دەکەین بۆ پاراستنی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.