لە سێ مانگی ساڵی ٢٠٢٤دا ٤٢٥ کرێکار گیانیان لەدەستداوە

لانیکەم ٤٢٥ کرێکار لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا گیانیان لەدەستداوە، لەو کرێکارانە ١٣یان ژن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەنجومەنی تەندروستی و سەلامەتی کرێکاران "ISIG" ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی ٢٠٢٤ی گیان لەدەستدانی کرێکارانی ڕاگەیاند، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی کانوونی دووەمدا ١٦١ کرێکار گیانیان لەدەستداوە، لە مانگی شوباتدا ١٤٩ کرێکار و ١١٥ کرێکار لە مانگی ئاداردا گیانیان لەدەستداوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، زۆربەی گیان لەدەستدانەکان لە ئیستەنبوڵ ڕوویانداوە، بەم شێوەیە؛ ٧٠ کرێکار لە ئیستەنبوڵ، ٣٣ کرێکار لە ئیزمیر، ٢٠ لە قۆنیا، ١٨ لە ڕەحا، ١٨  لە بورسا و ١٨ لە دیلۆک گیانیان لەدەستدا.

 

لەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە ١٣ ژن و ١٦ منداڵ و ٩ پەنابەر هەبوون، لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە کراوە کە ١٠٥ کرێکار لە کەرتی بیناسازی و ڕێگاوبان و ٥٨ لە کەرتی گواستنەوە و ٣٩ لە کەرتی دارستان و کشتوکاڵ و ٣١  لە کەرتی کانزا و ٢٧  لە کەرتی ئاسمانی بوون.