کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا ئەشکەنجەدانی ٣ ژنیان شەرمەزار کرد
ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا لە کانتۆنی دێرەزوور، ئەشکەنجەدانی ٣ ژنیان لە گوندی ئەبو حەردوب سەر بە دێرەزوور شەرمەزار کرد.
دێرەزوور
ئەنجومەنی کۆمەڵەی ژنانی زانۆبیا لە کانتۆنی دێرەزوور، ئەشکەنجەدانی ٣ ژنیان لە گوندی ئەبو حەردوب لە دێرەزوور شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، پێویستە تاوان و توندوتیژی دژی ژنان کۆتایی پێبێت.
ڕاگەیەندراوەکە بە بەشداری دەیان ژن لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا و لیژنەی ژنان لە ئەنجومەنەکەدا خوێندرایەوە.
ئیمان میرکاز، هاوسەرۆکی کۆمەڵەکە ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتووە، "بە ناوی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیاوە ئەو تاوانانەی دژ بە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەتایبەتی ناوچەی ڕۆژهەڵات ئەنجام دەدرێت و بەربڵاوبوون، شەرمەزار دەکەین، بە تایبەت ئەشکەنجەدانی قێزەونی سێ ژن لە گوندی ئەبو حەردوب لە ١٠ی نیساندا، کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم ڕۆژی جەژن و جەژنی لێبوردەیی و خۆشەویستی و مرۆڤایەتییە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، "ئەوان بە شێوازی جۆراوجۆر ئەو سێ ژنەیان ئەشکەنجە داوە بۆ لاوازکردنیان و تێکدانی ڕۆڵیان لەم سەردەمەی ئێستاماندا، بە هەموو هێز و دەسەڵاتێکەوە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هەرکەسێک بوێری ئەوەی هەبووە بەم شێوەیە سوکایەتی بە ژنان بکات دەستگیری بکەن و ڕادەستی بکەن، بۆ وەرگرتنی سزای ئەو تاوانە، بۆ ئەوەی ببێتە نمونەیەک بۆ کەسانی دیکە کە توندوتیژی و ئەشکەنجەی ژنان دەکەن".