خوێندکارانی ژنۆلۆژی: ژنۆلۆژی سەرنجی هەموو ژنان ڕادەکێشێت

زانکۆی ڕۆژئاوای کوردستان یەکەم زانکۆیە کە بەشی ژنۆلۆژی تێدایە، لەماوەی ٦ سساڵدا زیاتر لە ٨٠ خوێندکار بەشەکەیان تەواو کردووە، بۆ بلاوکردنەوەو جێبەجێکردنی ژنۆلۆژی لە دامەزراوە جیاوازەکاندا شوێنیان گرتووە.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-ژنۆلۆژی بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٨ بە پارێزنامەی سۆسۆلۆژیای ئازادی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بووە ڕۆژەڤی ژنان، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، گۆڕانکاری روویداو ژنان لە زۆر بواری گرنگدا دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٧ بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دامەزرا و ئێستا بە فەرمی سەر بە کۆلێژی وێژەو زانستە کۆمەڵایەتییەکانە.

 

٨٠ خوێندکار بەشەکەیان تەواو کردووە

بەپێی زانیارییەکانی بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوا؛ زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار لە ماوەی ٦ ساڵدا خۆیان تۆمار کردووە تا ئێستا نزیکەی ٨٠ خوێندکار بەشەکەیان تەواوکردووە، هەندێک لە دەرچووان بەردەوامن لە خوێندن لە خوێندنی باڵادا، بەشێکیشیان بوونەتە مامۆستای زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە خوێندنگەکاندا، هەروەها لە ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن، ناوەندەکانی ژنۆلۆژی بەشدارییان لە خەباتدا کردووە.

 

"ویستم لەڕێگەی ژنۆلۆژییەوە خۆم بناسم"

شێخا ئەحمەد، خەڵکی ناوچەی عامودا لە قامیشلۆی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خوێندکاری ژنۆلۆژییە لە زانکۆی ڕۆژئاوا، وتی: ژنۆلۆژی سەرنجی منی ڕاکێشا، زانستێکی نوێ بوو، ویستم بخوێنمەوە و خۆم بناسم، چونکە من ژنمم دەمەوێت ڕۆڵ و ڕاستی ژنان لە مێژوودا بزانم و فێری زانستی ژنۆلۆژی ببم،

 

شێخا ئەحمەد لەبارەی ئەو بابەت و وانەیەی لە ژنۆلۆژییدا فێری بووە وتی: ئەو وانەیەی لە بەشەکەمان فێری دەبین، لەسەر بابەتەکانی ژنان و کۆمەڵگە، مێژووی ژنان، فەلسەفە، کۆمەڵناسی، پێکەوەژیانی ئازاد، ئیتیک و ئیستاتیک، ئابووری، تەندروستی، وێژەی ژنان، خۆپاراستن، ئایین و باوەڕ، زۆر بابەت و ماددەی دیکە لە بەرنامەی خوێندنی ژنۆلۆژییدا هەیە.

 

تامەزرۆی تێگەیشتن لە ژنۆلۆژی

سارا عەبدۆ خەڵکی شاری سەرێکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، دەرچووی ژنۆلۆژییەو وتی: وەک ژنان، ئێمە زۆر گومانمان هەبوو دەربارەی ئەوەی لەکوێوە هاتووین، مێژوومان چییە و بۆچی گۆڕانکارییەکی زۆر لە سروشت و ڕۆڵی ژناندا ڕوویداوە.

 

سارا عەبدۆ تیشکی خستە سەر گرنگی پەروەردەکردنی نەوەی نوێ لەسەر بنەماکانی یەکسانی و ئازادی ژنان و وتی: لە ڕێگەی ژنۆلۆژییەوە دەتوانین هۆشیاری دواکەوتووی کۆمەڵگە و زایەندپەرستی بگۆڕین، هەموو شتێک لە منداڵییەوە دەست پێدەکات و گەورە دەبێت، زانستێکی گرنگە کە کاریگەری لەسەر ژنان لە دەرەوەی وڵاتیش کردووە، کاتێک بەشی ژنۆلۆژی لە زانکۆی ڕۆژئاوا کرایەوە، بۆ زۆرێک لە ژنانی دەرەوە بوو بە سەرسوڕمان کە بزانن ئەم بەشە چییە، سەرەڕای ئەوەش، زۆرێک لە زانکۆ بیانییەکان پەیوەندییان بە زانکۆکەمانەوە کرد بۆ ئەوەی دەربارەی بزانن و ئێمەش وەک خوێندکار ئامادە بووین، بۆ ئەوەی سوود لە یەکتر وەرگرین، دەبینین کە ئەمە سەرکەوتنێکە.

 

خوێندنی ژنۆلۆژی بوو بە ٤ ساڵ

بەشی ژنۆلۆژی بەرنامەی خۆی لە چوار و پێنج قۆناغدا خۆی جێبەجێ کرد لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، بوو بە ٤ ساڵ واتە ۸ قۆناغ، لە ئێستادا ٣٠ خوێندکار بەردەوامن لە خوێندن و مامۆستایانی ژنۆلژی وتیان: لە سەرەتادا داواکاری ئەوە بوو کە بەرنامەی ژنۆلۆژی ٤ ساڵ بێت، بەلام لەبەر ئەوەی ئەوە بەشێکی نوێ بوو، وەک دامەزرێنەرانی بەشەکە، ویستمان خۆمان و خوێندکارەکان ببینین بۆ ئەوەی هێزی خۆیان بناسن و کۆمەڵگەش بەشەکە بناسێت دوو ساڵ بوو، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، پێشنیاری خوێندکاران ئەوە بوو کە ساڵەکانی خوێندن درێژ بکرێنەوە، لەسەر بنەمای داواکاری و پێداویستییە زانستییەکانی خوێندکاران، بەشی ژنۆلۆژی بووە ٤ ساڵ.