"ئەم شەوە تاریکانە بە بەیانی دەگات"

دوێنێ سەرەتای ساڵی خوێندن بوو لە ئەفغانستان، خوێندکاران دەڵێن: ئەم شەوە تاریکانە بە بەیانی دەگات، ئەگەر ڕۆژێک وەک خوشکە کوردەکانمان چەک هەڵبگرین، ڕووخساری تاوانباران دەسڕینەوە و ئازادی بەدەست دەهێنین.

بەهاران لاهیب

 

بامیان- دوێنێ سەرەتای ساڵی خوێندن بوو لە ئەفغانستان، کاتێک وەرزی زستان دەگاتە ناوچە ساردەکان، قوتابیانی قوتابخانە بۆ ماوەی سێ مانگ لە پشوودان، ئەو خێزانانەی ژیانێکی مامناوەندیان هەیە، هەوڵیانداوە لە پشووی سێ مانگیەکەدا لەگەڵ خۆشی و شادیدا بابەتی نوێ فێری منداڵەکانیان بکەن. بەڵام لە ماوەی دوو ساڵەی دەسەڵاتی تاڵیباندا، کچانی سەرووی پۆلی شەشەم بۆیان نییە بچنە قوتابخانە، بۆیە سەردانی هەندێک قوتابخانەمان کرد کە ساڵی خوێندنیان دەستپێکرد و ئەو کچانەی لە پۆلی شەشن، گوتیان: "ئەمساڵ دوا ساڵی خوێندنمانە.

 

"وانەکانم نەدەخوێند تا شکست بهێنم و ساڵێکی تریش بخوێنمەوە"

ئامینە شا، یەکێک لە خوێندکارانی پارێزگای بامیانە لە بارەی دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە وتی: تاڵیبان هەوڵی ئەوە دەدات ئێمە لە خوێندن بێبەش بکات، زستانی ڕابردوو لە پۆلی شەش شکستم هێنا، بەڵام من جارێکی دیکە دەستم کرد بە خوێندنەوەی پۆلی شەش.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هەرچەندە لە پۆلەکەمدا هەمیشە لە یەکەمەکان بووم، پێم وابوو ساڵی داهاتوو تاڵیبان ڕێگەم پێنادات بچمەوە بەر خوێندن و زۆر دڵتەنگ بووم، منیش ئەمساڵ بڕیارمدا بێمەوە خوێندن و چێژ لە وانەکان و ژینگەی قوتابخانە و مامۆستاکانم وەربگرم، هیچ ڕێگەیەکی تر نەبوو جگە لەوەی بەشداری وانەکان نەبم تا لە وانەکاندا شکست بهێنم و دەرفەتی ئەوەم هەبێت ساڵێکی دیکەش بخوێنم، بۆیە ئەمساڵ دووبارە هاتمەوە بەر خوێندن و هیوادارم تا ساڵی داهاتوو حکومەتەکەیان بڕوخێنرێت.

 

تاڵیبان ڕێگا نادات ئاهەنگی دەستپێکردنەوەی خوێندن بگێڕن

س.ف.، مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی کابولە و دەڵێت: ئێمە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی خوێندنمان ئاهەنگمان دەگێڕا، دوو ساڵە حکومەتی تاڵیبان ڕێگەی پێنەداین لە هەر پۆلێکدا ئاهەنگی دەستپێکی ساڵی خوێندن بگێڕین.

 

ع.د.، مامۆستای قوتابخانە لە پەروان دەڵێت: ئەوە ئازارم دەدات کە کچە گەورەکان ناتوانن بێن بۆ درێژەدان بە خوێندن، تەنانەت کاتێک بیردەکەمەوە ئەگەر بێنەوە بەر خوێندن، ئەوا دڵنیام تاڵیبان وانەکان دەگۆڕێت بۆ قوتابخانەی ئایینی، بۆیە باشترە کچەکانمان لە ماڵەوە بمێننەوە.

 

ج.د یەکێکە لە قوتابییەکانی مەزار کە تازە دەستی بە پۆلی ١٠ کردبوو کاتێک تاڵیبان هات، وتی: نائومێدم لەوەی تاڵیبان ڕێگەمان پێنادات بچینە قوتابخانە، بەڵام هەر جارێک بیردەکەمەوە ئەگەر تاڵیبان ڕێگە بە کچانی سەروو پۆلی شەشەم بدات بچنە قوتابخانە، هەموو بابەتەکانمان دەبن بە ئاینی، هەموو ڕۆژێکیش فەرمان بە چاکە بکەن و قەدەغەکردنی خراپە خەڵکەکانیان دەنێرنە قوتابخانەکان و سوکایەتیمان پێدەکەن، بۆیە لە ماڵەوە بین باشترە.

 

ڕوحیە محەمەدی، مامۆستا لە پارێزگای کاپیسا، وتی: چەند مانگێکە مووچەی مانگانەم وەرنەگرتووە، هەموو مامۆستاکانی وڵاتی من لە هەمان دۆخدان، هەرچەندە وەک حکومەتی پێشوو ملیۆنان دۆلار لەلایەن ئەمریکاوە دراوە بە تاڵیبان، لەگەڵ ئەوەشدا تاڵیبان هێشتا حکومەتەکەیان بە هەژار ناودەبەن.

 

خ.س لە تخار مامۆستایە و وتی: هەموو ڕۆژێک تاڵیبان هەڕەشە لە مامۆستایانی قوتابخانەکەمان دەکەن کە لە کار دەرتان دەکەین، مامۆستایان بە زەردەخەنەیەکی ڕقاوییەوە بۆ تاڵیبانی دەردەخەن کە گرنگی بە ڕووخساری تاوانکارییان نادەن، ئێمە تەنها لە پێناو منداڵانی زێدی خۆماندا دێین، بۆ ئەوەی لەلایەن ئەوانەوە پەروەردە نەکرێن.

 

پەیامی هەموو چاوپێکەوتنەکان ئەوە بوو: "با تاڵیبان و ئەمریکای ئاغای دوا هەوڵی خۆیان بدەن و بەردەوام بن لە سوکایەتیکردن و دوورخستنەوەمان، ئەم شەوە تاریکانە گەیشتوونەتە بەرەبەیان، ئەگەر ڕۆژێک وەک خوشکە کوردەکانمان چەک هەڵبگرین، ڕووخساری تاوانباران دەسڕینەوە و ئازادی بەدەست دەهێنین.