خۆبەڕێوەبەری: بە شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی داگیرکاری تێکدەشکێنین
خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جەزیرە بە ڕاگەیەندراوێک ٦ەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفرینی شەرمەزار کرد و دووپاتی کردەوە کە هێڵی بەرخۆدان لە دژی داگیرکاری سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/03/20240318-20240318-1710757188052-jpege77968-image-jpg050874-image.jpg)
حەسەکە
لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٩ دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەی جەنگی هێرشێکی توندی بۆ سەر عەفرین دەستپێکرد، خەڵکی عەفرین بۆ ماوەی ٥٨ ڕۆژ بەرخۆدانیان کرد و تا ئێستاش بەردەوامن لە بەرخۆدانیان لە بەرامبەر لەشکرکێشی و گەمارۆی سەر کامپەکان.
لە ٦ەمین ساڵیادی داگیرکردنی عەفریندا، خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی جەزیرە لە گۆڕەپانی شەهید ئیسرۆ لە گەڕەکی نەسر گردبوونەوە و بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە سیاسییەکان ڕاگەیەندراوێکیان خوێندەوە.
شیلان ڕیمۆ، مامۆستای زمانی کوردی، ڕاگەیەندراوەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتووە، "ئێمە شەهیدانی بەرخۆدانی سەردەم بەبیر دەهێنینەوە، عەفرین ماوەی ٦ ساڵە داگیرکراوە، ٦ ساڵە ژن و منداڵ و بەساڵاچووانی عەفرین دەستدرێژییان لەسەرە، بۆ نمونە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی ڕابردووی جندرێس و دوایین حاڵەتی کوشتنی ئەحمەد مامۆ نیشانەی دەستدرێژییەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانییەتی، ئەمڕۆ خەڵکی عەفرین لە ژێر هەلومەرجێکی سەخت و گەمارۆدان لە کامپەکانی شەهبا لە دژی داگیرکاری و پلانی جینۆساید بەرخۆدانێکی بێهاوتا ئەنجام دەدەن، ئامانجی داگیرکاری گۆڕینی دیمۆگرافیا و لەناوبردنی ناسنامەکەی گەل و بوون و کولتووری ڕەسەنی خەڵکی عەفرینە".
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا خۆبەڕێوەبەری ئاماژەی بەوەدا، "بەم هێرشانە دەیانەوێت سیستمی خۆبەڕێوەبەری پوچەڵ بکەنەوە و خەڵکی ناوچەکە لەژێر سیستمی نەتەوەیی و دەوڵەتیدا کۆیلە بکەن، ئێمە خاکەکەمان لە پلان و لەشکرکێشی بە بەرخۆدانی گەل و شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی دەپارێزین.
ڕاگەیاندنەکە بە دروشمی "بژی بەرخۆدان" کۆتایی هات.