خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٣٢ منداڵی داعشی ڕادەستی ڕووسیا کردەوە
ماریا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا ڕایگەیاند، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ٣٢ منداڵی خێزانەکانی داعشی ڕادەستی ڕووسیا کردووە.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2024/03/20240310-20240310-504276-1871094903-jpg8c69a3-image-jpg681979-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ماریا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا، لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی ڕووسیا ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی بەشێکی دیکەی منداڵانی چەتەکانی داعشی ڕووسیی لە کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەڕاندووەتەوە.
ماریا بیلۆڤا ڕایگەیاند، کاری گەڕاندنەوەی منداڵەکان بە هەماهەنگی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدراوە و ٣٢ منداڵ دەگەڕێندرێنەوە بۆ کەسوکاریان لە ڕووسیا.
لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەندین کامپی تێدایە کە هەزاران خێزانی داعش لە ٥٢ وڵاتی بیانییەوە نیشتەجێ بوون تاییدا، خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەمیشە داوا لە دەوڵەتەکان دەکات هاوڵاتیانیان بگەڕێننەوە کە لەناو داعشدان و چاوپۆشی لەم حاڵەتە نەکەن، چونکە مەترسییە بۆ سەر ناوچەکە و جیهان.