بەڵگەی نوێ سەبارەت بە گیان لەدەستدانی گوماناویی مامۆستا جیهان تەها دەخرێتەڕوو

یەکێک لە براکانی مامۆستا جیهان تەها، لە ڤیدیۆیەکدا لە ڕێگەی نەخشەوە، شێوازی تیرۆرکردنی ئەو مامۆستایە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: هەموو ئەگەرەکان پێکەوە گرێ بدرێت بە تەواوی دەردەکەوێت، کە تیرۆر کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

مامۆستای وانەبێژ جیهان تەها دوای ئەوەی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنەی لە دەسەڵات گرت، لە شەوی ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ بە گوماناوی بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا، هەر دوای ڕووداوەکە خانەوادەکەی ڕایانگەیاند، کە مامۆستا جیهان تیرۆر کراوە.

 

شاخەوان تەها، چالاکوان و برای مامۆستا جیهان، لە دیمەنێکدا لەسەر نەخشە و بە باسکردنی توانای شۆفێریکردنی خوشکەکەی، چەند بەڵگەیەک بۆ پشتڕاستکردنەوەی گومانەکانیان دەخاتەڕوو.

 

لە دیمەنەکەدا، بە وردی باس لە توانای شۆفێریکردنی مامۆستا جیهان کراوە ئاماژە بەوەکراوە، هەرگیز بۆ دەرەوەی شار نەدەچوو، هەروەها ناوچەی ڕووداوەکە شوێنێکە هەرگیز مامۆستا جیهان بۆی نەچووە و شارەزای نەبووە، واتا بە تەواوی ڕفێندراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، جیهان تەها هەرگیز بە شەو و لە دەرەوەی هەولێر شۆفێری نەکردووە، لە کاتێکدا کە وترا مامۆستا جیهان لە بەردێکی داوە و ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە ئەمە سیناریۆیە، گەر هەموو ئەگەرەکان پێکەوە گرێ بدەیت ئەوە بۆت ڕوون دەبێتەوە تیرۆر کراوە.