ژنان پیرۆزبایی ٨ی ئادار لە ژنان و ڕێبەر ئۆجالان دەکەن

لە شاری سلێمانی، ژنانی ئازاد بە ڕێپێوانێک ٨ی ئاداریان پیرۆز کرد، ژنانی بەشداربووی ڕێپێوانەکە داوای ئازادییان بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و یەکسانی بۆ ژنانی کورد و تەواوی جیهان کرد.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- دوێنێ، ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان لەلایەن ژنانی جیهان و کوردەوە بە چالاکی جۆراوجۆر پیرۆز کرا، لە شاری سلێمانی ژنانی ئازاد بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ساز کرد و ژنانی بەشداربوو داوای ئازادییان بۆ ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان و یەکسانی بۆ ژنانی کورد و تەواوی جیهان کرد.

 

"لە ئازادی ژنەوە ماف و ژینگەپارێزی دێتەدی"

چرۆ شوانی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، سەرەتا بە بۆنەی ٨ی ئادار پیرۆزبای خۆی ئاڕاستەی ژنانی ڕەنجدەر و تێکۆشەری گەلی کورد و ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، "ژنان لە ٨ی ئاداردا ڕووبەڕووی توندتیژی جەستەی و سوتاندن وەستانەوە، ٨ی ئادار وەک سیمبولێک کراوەتە ڕۆژی جیهانی ژنان، ئێمەی ژنی کورد هەموو ڕۆژێکمان ٨ی ئادار و ڕۆژی ژنانە، هەموو ڕۆژێکمان خەبات و تێکۆشانە، ئێمە باس لە ئازادی فکری و هۆشیاری دەکەین، نەک ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ ناشرین کراوە، مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ژنی بە کاڵا کردووە، ئێمە دەمانەوێت لە ئازادی ژنانەوە هاوسەنگی رەگەزی بێتەدی، لە ئازادی ژنەوە مافی هەموو جیهان دێتەدی و ژینگەپارێزی دێتە ئاراوە".

 

هەروەها وتی: ئەو ئازادیەی باسی دەکەین ئێستا سەرۆکێک باجی ئەو بە دەستهێنانی ئازادیە دەدات، کە هەموو جیهان لە دژی ئازادی و بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەستایەوە، کە ٢٥ ساڵە زیندانی کراوە بە هۆکاری ئەوەی نایانەوێت ئەو دەنگە ئازادە بگەیەندرێت بە جیهان، بەداخەوە ئەڕۆ سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری قازانجی لەسەر شەڕ و ئاژاوەیە، بەڵام ڕێبەرەکەمان ئاشتەوای پێیە، بۆیە ئێمەی ژنان لەم ڕۆژەدا داواکارین لە ژنان هەموو کات و ساتێکیان تێکۆشان بێت بۆ ئەوەی بتوانین ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجالان بێتە ئاراوە، لەبەر ئەوەی ئازادی و پێکەوە ژیان بە ئازادی ڕێبەر ئۆجالان دێتە ئاراوە.

 

" ژن ژیان ئازادی، بوەستن لە ژن کوشتن"

زینە عەلی مەحمود، خەڵکی کۆبانێ بەشداری ڕێپێوانەکە بوو، وتی: پیرۆزبای لە خانەوادەی شەهیدان و سەرۆک ئاپۆ دەکەم، داواکارم توندتیژی لەسەر ژنان بوەستێنن، ژن نەکوژن، زوڵم لە ژنان نەکەن، دنیا لەسەر ژن دروستبووە و بێ ژن ژیان نابێت، ئەمڕۆ ڕۆژی ئێمەی ژنانە بۆیە ژنان مەکوژن، هەروەها سڵاوم بۆ سەرۆک ئاپۆ هەیە لە ئیمراڵی، ئێمە دامانەوێت سەرۆکمان ئازاد بێت و دەمانەوێت پارێزەرەکانی چاویان بە ڕێبەرەکەمان بکەوێت، ئێمەی ژنان داوای ئازادبوون دەکەین.

 

لە کۆتایدا وتی: ئێمە هەرچی بکەین بۆ ئازادی سەرۆک ئاپۆ کەمە و دەبێت بەردەوام بین، ژن ژیان ئازادی.

 

"دەبێت ژنان بوونی خۆیان بسەلمێنن"

سارا کەریم، ئەندامی ڕژاک لە ڕانیەوە بەشداری ڕێپێوانەکە بوو، دەڵێت: پیرۆزبای ٨ی ئادار لە هەموو ژنانی جیهان و دایکانی شەهید و گەریلاکان دەکەم، هەروەها پیرۆزبای خۆم ئاڕاستەی ڕێبەری گەلان عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم، هیوادارم کۆتا یادکردنەوەی ژنان بێت بەبێ ڕێبەری گەلەکەمان، هیوادارم هەموو ژنان هۆشداربن و بزانن ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی ژنانە و یادی ئەم ڕۆژەیان بکەنەوە.

 

لە کۆتاییدا وتی: پەیامم بۆ ژنان ئەوەیە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو توندوتیژیەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، هیوادارم کۆمەڵگە هۆشیار بێت بەرامبەر بە ژنان، ژنان دەبێت هۆشیار بن کە هیچ کەسێک نەتوانێت بەسەریاندا زاڵ بن و ژێردەستە بن، دەبێت ئازادی خۆیان بۆ هەموو جیهان بسەلمێنن.