کۆنگرەی ستار سەردانی بریندارانی گوندی دشیشای کرد
کۆنگرەی ستار سەردانی ئەو خێزانەی کرد کە لە تۆپبارانی دەوڵەتی تورکیا لە گوندی دشیشا لە تل تەمر لە ٩ی کانونی یەکەم بریندار بوون.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/12/20231216-20231216-kongra-star-serdana-birindaren-gunde-disisa-kir-2-jpg4170d2-image-jpg41f16c-image.jpg)
حەسەکە
دەوڵەتی تورکیا بەردەوامە لە هێرشە داگیرکارییەکانی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٩ی کانوونی یەکەم، کاتژمێر ٣:١٥خولەک دەوڵەتی تورکیا خانوویەکی لە گوندی دشیشا لە ڕۆژئاوای ناوچەی تل تەمر بۆردومان کرد، لە ئەنجامدا، دایکێک و کچە تەمەن ١٠ ساڵانەکەی، کوڕو و هاوژینەکەی بریندار بوون.
کۆنگرەی ستار چووە سەردانی خێزانەکەو لە بەرامبەر هێرشەکان کاردانەوە نیشاندرا.
جیاوازی چییە لە نێوان منداڵەکانمان و ئەوانەی لە غەززە دەژین؟
مریەم محەمەد، خوشکی مۆنا محەمەدی بریندار، تیشکی خستە سەر دووڕوویی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان سەبارەت بە هێرشەکانی سەر منداڵان و وتی: منداڵەکانمان جیاواز نین لە منداڵانی غەززە و فەلەستین، هەموومان موسڵمانین، جیاوازی نێوان منداڵان لێرە چییە؟ ئایا منداڵەکانمان جیاوازن لە منداڵانی غەززە؟.
"ئێمە تیرۆریست نین"
نوریە محەمەد حوسێن، تەمەن ٤٠ ساڵ، وتی: هێرشمان نەکردە سەر دەوڵەتی تورکیا، خەڵکی مەدەنی و منداڵمان نەکوشت، بەڵکو هات بۆ سووریا و تیرۆری خۆی بڵاوکردەوە، بێگومان بەرگری لە خۆمان دەکەین، بەڵام تیرۆریست نین، تیرۆریست ئەردۆغانە! منداڵان و ژنان لە ترسی ئەو ڕزگاریان نەبووە و ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە. ئەو تیرۆرەی ئەمڕۆ لە سووریا بڵاو بووەتەوە دەولەتی تورکیا بەرپرسیارە لێی، هۆکاری چەندین هێرش و ئاڵۆزییە، سەرەتا داعش و دواتر چەتەکانی سوپای نیشتمانی سووریا دامەزران. تێناگەم چۆن بکوژی ئەو هەموو منداڵە دەچێت بۆ حەج.
"ئێمە و کوردەکان یەکین"
نوریە محەمەد حوسێن لە کۆتایی قسەکانیدا باسی هێرشەکانی سەر کوردەکان و عەرەبەکانی کردو وتی: ئێمە و کوردەکان یەکین، کوردەکان نە ئیسرائیل و نە جولەکەن، پێکەوە لەسەر ئەم خاکە ژیاوین، ئەردۆغان و چەتەکانی سەر بە داعش ڕۆڵی موسڵمان دەبینن، سووریا چەکی بە کەس نەدا و نەپەڕییەوە بۆ ناو تورکیا و سنوورەکانیان نەپەڕاند، کوردەکان ئێمەیان شەرمەزار نەکردووە، ئەوانەی پێشێلی مافەکانمان دەکەن دەوڵەتی تورکن، ئەردۆغان و ئەو وڵاتانەی پێکەوە کۆدەبنەوە بڕیار دەدەن لە کۆبوونەوەکانیاندا و لێرە تۆپمان بۆ هەڵدەدەن.