دوو کەس لەسەر ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەستگیر کران
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی باڵەخانەکەی سۆران، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٤ کەس، ڕایگەیاند دوو کەس دەستگیر کراون.

ناوەندی هەواڵ
شەوى ڕابردوو ئاگرێک لە یەکێک لە باڵەخانەکانى گەڕەکی جوندیان لە شارۆچکەى سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ١٤ کەس گیانیان لەدەستدا، کە پێنجیان ژن بوون، ٧ کەسی دیکەش دیکەش بریندار بوون.
دوای ڕووداوەکە بە مەبەستی دیاریکردنی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە لیژنەیەک پێکهێندرا، لیژنەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، خاوەنی باڵەخانەکە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەکە دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری زۆری گیان لەدەستدانەکە دەکەن، چونکە بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئاگرەکە لە نھۆمی یەکەم دروست بووە و لەو کاتەدا کەسی لێ نەبووە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھۆکارێکی سەرەکی زیادبوونی گیان لەدەستداوان ئەوەیە ئەو کەسانەی لە باڵەخانەکەدا بوون ھەوڵی خۆڕزگارکردنیان نەداوە و بەهۆی نەبوونی ئۆکسجینەوە خنکاون.