بانگەوازیی ژنان بۆ عەفرین: با دەوڵەتی تورک بەرپرسیار بکرێت

زەینەب سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی عەفرین-شەهبا ڕایگەیاند، تاوانی مرۆیی دژی ژنان و خەڵکی عەفرین لە ژێر داگیرکاری دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئەنجام دەدرێت، هەروەها داوای لە ژنان کرد بۆ بەرپرسیار کردنی دەوڵەتی تورکیا تێکۆشان بکەن.

ڕوبارین بەکر

 

شەهبا- لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و شارەکانی سووریا کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراون، ڕووداوەکانی وەک توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان، دەستدرێژی زایەندی، ڕفاندن، کوشتن، هاوسەرگیری بەزۆر و هاندانی گیان لەدەستدان زیادی کردووە. لە عەفرین، کە لە ئازاری ٢٠١٨ەوە لەژێر داگیرکاریدایە، گەل بەتایبەتی ژنان، ڕووبەڕووی تاوانی دژی مرۆڤایەتی دەبنەوە.

 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی عەفرین؛ لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ ەوە، چوار منداڵ و سی ژنی بەتەمەن ڕفێندران و ٦ ژنیش لە عەفرین کوژراون. ٧ ژن و چوار منداڵ دەستدرێژی زایەندییان کراوەتەسەر، جگە لە داتاکانی ڕۆژنامەکان، هاوڵاتیانی عەفرینیش دەڵێن دۆخەکە خراپترە.

 

"توندوتیژی بۆ لەناوبردنی ئیرادەی ژنان ئەنجام دەدرێت"

زەینەب سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی عەفرین-شەهبا، لە ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، توندوتیژی لە ناوچە داگیرکراوەکاندا بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی بۆ لەناوبردنی ئیرادەی ژنان.

 

"دەوڵەتی تورک ژنانی بەرخۆدێر وەک مەترسییەک بۆ سەر خۆی دەبینێت"

زەینەب سلێمان ڕایگەیاند، شۆڕش لە ڕۆژئاوا شۆڕشی ژنانە و وتی: دوای شۆڕش، ڕێکخراو و ناوەندی ژنان لە ڕۆژئاوا کرایەوە، ژنان خۆیان گەشەپێدا، لە عەفرینیش دەستکەوتی زۆریان بەدەستهێناوە. دەوڵەتی تورک ئەم دەستکەوتانەی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیاسەتی فاشیستی خۆی بینی، لەبەر ئەوە دەیەوێت ژنانی بەرخۆدێر لەناو ببات، وەک ژنان بە هەموو توانایەکمانەوە بەردەوام دەبین لە خەباتمان دژی عەقڵییەتی فاشیستی.

 

"بێدەنگی قبوڵکردنی تاوانەکانە"

زەینەب سلێمان ڕایگەیاند، دوای داگیرکردنی عەفرین، سروشتی شارەکە تاڵانکرا و خەڵکەکە ئەشکەنجە دران و ڕەخنەی لە بێدەنگی هەموو جیهان گرت بەرامبەر بەو ڕووداوانە و وتی: بە بەردەم چاوی جیهان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، خەڵکی عەفرین هێرشیان کراوەتەسەر، جیهان بێدەنگە بەرامبەر بەو تاوانانە، ئەمەش مانای قبوڵکردنی تاوانەکانە.

 

"دەبێت تورکیا بەرپرسیار بکرێت لەو تاوانانەی ئەنجامی داوە"

زەینەپ سلێمان ئەو زانیارییانەی لە خەڵکی عەفرینەوە دەستکەوتووە بەم شێوەیەیە:

لە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ خزمەکانمان لە عەفرین و سەرچاوە ناوخۆییەکان لە عەفرین، زۆر کەس دەڵێن عەفرین ناوچەیەکی پارێزراو نییە، گەل، بەتایبەت ژنان، ناتوانن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن بەهۆی پێشێلکارییەکانەوە، ژنانی عەفرین لە ئازاردان و هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ گەیاندنی دڕندەیی دەوڵەتی تورک، کێشەی ئازادی و ئازادی ژنان کێشەی هەموو ژنانە، پێویستە تێکۆشانمان فراوانتر بکەین بۆ نەهێشتنی داگیرکاری و توندوتیژی، پێش هەموو شتێک، دەبێت تورکیا بەرپرسیار بکرێت لەو تاوانانەی ئەنجامی داوە.