ڕژاک: هەڵوێستی دژە داگیرکاری ئەرکێکی نیشتمانییە
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گوندی بۆسکێن، ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "بێدەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلەکەمان جێگەی داخە.

ناوەندی هەواڵ
دوێنێ، ٦ی تشرینی دووەم، لە کاتژمێرەکانی پێشنیوەڕۆدا فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا لە گوندی بۆسکێنی سەر بە شاری ڕانیە لە هەرێمی ڕاپەڕین دوو هاوڵاتی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ کەس بریندار بوون.
ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک سەبارەت بە هێرشەکەی دوێنێ ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە؛ "پێویستە هەموو هاووڵاتیان و بەتایبەت ژنان و حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان هەڵوێستیان هەبێت بەرامبەر بەم داگیرکارییەی دەوڵەتی تورکیا، چونکە هەڵوێستی دژی داگیرکاری ئەرکێکی نیشتمانییە".
ڕژاک ئاماژەی بەوەدا، باشووری کوردستان ساڵانێکە لەژێر داگیرکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادایە، ئەم هێرش و هەڵسوکەوتانەی دوژمن تەنها زیانی مرۆیی و ماددی دەگەیەنێت، بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لە زاخۆوە بۆ شەنگال، کۆیە، پێنجوێن و شارباژێر بەردەوامن و دوایین هێرش دوێنێ لە هەرێمی ڕاپەڕین بوو.
ڕژاک جەخت دەکاتەوە، هۆکاری هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ترساندنی خەڵک و دوورخستنەوەیانە لە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەل و زیانگەیاندنە بە یەکێتی نەتەوەیی، "بێدەنگی و بێ هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە بەرامبەر هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی سەر گەلەکەمان و بێ هەڵوێستی گەلی باشووری کوردستانیش مایەی خەمبارییە، ئەم بێ هەڵوێستی و بێ دەنگییەی پارت و لایەنە کوردییەکان بەرامبەر داگیرکاران ساڵانێکە بەردەوامە و هۆکارێکە کە دوژمن بە ئاسانی ئامانجەکانی بپێکێت و بەردەوامی بە داگیرکارییەکانی بدات.
لە کۆتاییدا ڕژاک دەڵێت: وەک ڕژاک داوای پێکهێنانی هاوپەیمانی و بەرەیەکی دژ بە داگیرکەران دەکەین، کە لە هەموو حزب و لایەنەکانی باشووری کوردستان پێکبێت، چونکە هەڵوێستی دژی داگیرکاری ئەرکێکی نیشتمانییە، بۆئەوەی ڕێگری لە هێرشەکانی وەک دوێنێ بکرێت، پێویستە دروشمی "نا بۆ داگیرکاری" ببێتە هەوێنی یەکڕیزی و پەیام و ڕاگەیەندراوەکان بکرێتە کرداری.