ڕۆنووس: بێڕێزی بە ژنە میدیاکاران بە توندی سەرکۆنە دەکەین

(ڕۆنووس)، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی بێ ڕێزیکردن بە ڕۆژنامەنووسێکی ژن لە پەخشی ڕاستەوخۆدا بڵاوکردەوە و دەڵێت: داواکارین هەمووان تواناکانمان یەک بخەین بۆ ڕێگری لە پەلامار و پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی سیاسی، ەک خۆمان ببین بە بەشێک لێی.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٥ی تشرینی دووەم، لە گردبوونەوەی مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆ لە بەردەم کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی، ژنە ڕۆژنامەنووسێ لە کاتی پەخشی ڕاستەوخۆ و لێدوان لە پیاوێکم کە مامۆستایەکی زانکۆیە، ڕووبەڕووی سوکایەتی دەبێتەوە لەلایەن مامۆستاکەوە، ئەم حاڵەتە دەنگدانەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

 

 

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس) لەو بارەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆنووس؛

"وێڕای ئەو پاشەکشە بەرچاوەی لە بواری ئازادی کاری میدیایی و ڕۆژنامەنووسیدا دەبینرێت، کە بەداخەوە جگە لە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، خەریکە پەلامارەکان دەگوازرێنەوە بۆ ئاستی گشتی و توێژە هۆشیار و بە ئاگاکانی کۆمەڵگەی کوردیش.

 

لە ئێستادا بەشێک لە پەیامنێران و میدیاکارەکان، بە تایبەت خانمان، کاتێک بەهۆی کارەکەیانەوە بۆ ڕوماڵکردن و گەیاندنی هەواڵ و ڕووداوەکان بە ڕایگشتی، تێکەڵ بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی توێژە جیاجیاکانی شەقام دەبن، لەبری ڕێزگرتن لە کار و پیشەکەیان، هەندێجار لەلایەن کەسانێکەوە ڕووبەڕووی پەلاماردان و سووکایەتی کۆمەڵایەتی دەکرێنەوە.

 

دیاردەی سووکایەتی بە کاری میدیاکاران بەگشتی و خانمانی پەیامنێر بەتایبەتی، جگە لەوەی ڕوو لە هەڵکشان و فراوانبوونە، ئەگەر هەمووان لە ئاستیدا هەوڵی جددی نەخەینەکار، لە ئایندەیەکی نزیکدا دوور نییە وەک مەترسییەکی ترسناک لەبەردەم کاری پیشەیی خانمانی میدیاکار بوەستێت و ببێتە هۆکاری سەرەکی دوورکەوتنەوە لە کارەکەیان.

 

لە دوایین پێشهاتدا، هاونیشتمانییەک، کە خۆی وەک مامۆستای زانکۆ ناساندووە و بۆ داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و مرۆییەکانی هاتووەتە شەقام، هەمانکات خانمە پەیامنێرێکی دەزگایەکی میدیایی کە بۆ گواستنەوەی ئەو دەنگی ناڕەزایەتی و بێ مافییە بۆ ڕایگشتی هەوڵدەدات گفتوگۆی بکات، کەچی لەبری وەڵامدانەوە، سووکایەتی و قسەی نەشیاو لە بەرامبەر خانمە پەیامنێرەکە و دەزگاکەشیدا(مۆجۆ) دەکات، قسەکردنێک نەک شایستەی کار و پیشەی مامۆستا نییە، هیچ ئیتیک و ڕێزێکی کۆمەڵایەتیشی تێدا نییە و ھێرشێکی ڕاستەوخۆشە بۆسەر کەسێتی خانمە میدیاکارەکە.

 

بە پێی یاسای کاری دەوڵەت ھەر فەرمانبەر و کارمەندێک لە کاتی بەجێھێنانی ئەرک و کارەکەیدا دووچاری ھێرش و پەلامار و سووکایەتی ببێتەوە بە تاوان ھەژمار دەکرێت، ئەم ڕووداوەش بەدەر نییە لەو یاسایە و بە پێی سروشتی کارەکەی ئەو خانمە پەیامنێرە لە کاتی ئەرکەکەیدا سوکایەتی پێکراوە.

 

ئێمە لە فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس)، وێڕای سەرکۆنەکردنی هەر کار و ڕەفتارێکی لەم جۆرە، داواکارین هەمووان تواناکانمان یەک بخەین بۆ ڕێگری لە پەلامار و پێشێلکارییەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم، نەک خۆمان ببین بە بەشێک لە درێژکراوەی هەمان ڕەفتار و سووکایەتی.

 

فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان و نووسەرانی سەربەخۆ (ڕۆنووس)"