"ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی لاوازی ڕژێمە"
مەجدە ک.، چالاکوانی مەدەنی و شارەزای زانستە سیاسییەکان دەڵێت: ڕژێمی ئێران بە مەبەستی لاوازکردنی ڕاپەڕین هەوڵدەدات دووبەرەکی لە نێوان کورد و تورکەکانی نیشتەجێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست بکات.

یارا ئەحمەدی
نەغەدە- نەغەدە شارێکە بە دووری ٩٥ کیلۆمەتر لە پارێزگای ورمێ، ڕێگەی پێکەوە بەستنی شارەکانی میاندوئاب بۆ شنۆ، ورمێ بۆ مهاباد، پیرانشار بۆ میاندوئاب و تەبرێزە، پاشخانێکی سیاسی دیار و بەرچاوی هەیە، ڕژێمی پەهلەوی و ڕژێمی ئیسلامی ڕژێمەکانی دیکە گرنگییەکی تایبەتیان بەم ناوچەیە داوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" خەڵکی شاری نەغەدە بەشدارییان کرد، بەڵام بەهۆی ئەو دووبەرەکییەی لە نێوان کورد و تورک کە ڕژێم دروستی کردووە، خەباتەکە بە خێرایی سەرکوت کرا و یەکگرتوویی لەنێو دانیشتوواندا بەدی نەهات، هەرکاتێکیش دانیشتووانی شارەکە یەکگرتوو بوونایە، لەلایەن ڕژێمەوە شکستی پێدەهێنرا، چونکە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاڵی لاوازی ڕژێمە. ئەوەی یارمەتی ڕژێمیدا زیاتر شارەکە کۆنتڕۆڵ بکات، ئەو ترس و بێمتمانەییە بوو کە لە نێوان کورد و تورکەکانی دانیشتووی شارەکەدا چاندبووی.
مەجدە ک. چالاکی مەدەنی و شارەزای زانستە سیاسییەکانە لە ساڵیادی شۆڕشی ژینادا باسی لە دۆخی شاری نەغەدە کرد و وتی: زۆرێک لە بازرگانان و خاوەن دوکانەکانی کورد لە شاری نەغەدە پەیوەندییان بە مانگرتنەکانەوە کرد، بەڵام لە ناوچەکانی تر خاوەن دوکانەکان بەشداری مانگرتنەکەیان نەکرد، ئەمەش بەهۆی ئەو دابەشبوونەوە بوو کە ڕژێم لە نێوان کورد و تورکی دانیشتووی شارەکەدا دروستی کردووە.
مەجدە ئاماژەی بەوەشکرد، "کورد هەستی بەم هەڵاواردنەی ڕژێم کرد و بێ گوێدانە ئەو دووبەرەکییە بەشداری مانگرتنی کرد، چونکە ڕژێم بە ئەنقەست شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوت دەکات و بە قورسترین چەک ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە تۆپ و تفەنگ و تانک خەڵک دەکوژێت. هەر بۆیەش مانگرتنەکان لەم ناوچانەدا بەربڵاوتر بوون.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە خستیەڕوو کە زۆربەی بەرپرسانی ڕژێم تورکن، بۆیە دەترسن لە ناڕەزایەتی دەربڕین و چوونە پاڵ کەسانی تر، ئەمساڵ شاهیدی ململانێی گەورە بووین لە شارەکانی وەک تەبرێز و ئەردەبیل، خەڵک بەتایبەت خاوەن دوکانەکان لە ڕۆژی ساڵیادەکەدا ناڕەزایەتی خۆیان دژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی قارەمانانە نیشاندا، چونکە ئازادی بەشێکی جیانەکراوەیە لە چارەنووسی گەلانی ئێران.