بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە مانگرتنی شارەکان لە میدیادا بڵاو نابێتەوە

یەکێک لە چالاکوانە تورکەکانی خوی دەڵێی: لە ساڵیادی کوشتنی ژینادا زۆربەی بازاڕ و دوکانەکانی شاری خوی داخران، بەداخەوە ژینگەی ئەمنی وایکرد ئەم بابەتە کەمتر لە میدیاکاندا بڵاو ببێتەوە.

یارا ئەحمەدی

 

خوی- لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، ئازادیخوازان لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران هاتنە سەر شەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتییەکان بە گوێی دیکتاتۆری ئێران هێندە بەرز بووەوە، کە لە ترسدا ڕژێم دەستی بە کوشتن کرد، بەشێک لە شارەکانی ئێران ساڵانێکی زۆرە بە هۆکاری پێکهاتەی دیمۆگرافی و هەڵکەوتەی جوگرافیای هەستیار، ڕووبەڕووی سەرکوت و سیاسەتی ترسناک بوونەتەوە، بۆ ئەوەی حکومەت لە بارودۆخەکانی وەک ڕاپەڕینی ئێستادا بتوانێت زەرەرێکی کەمتر بکات.

 

شاری خوی یەکێک لە شارە ژێردەستەکانی پارێزگای ورمێیە، کە بە هۆی دانیشتوانی کورد و تورک لە شارەکە و دانیشتوانی کورد لە گوندەکانی و هەڵکەوتنی لەسەر سنووری تورکیا ڕووبەڕووی سیاسەتی توندی ڕژێمی ئێران بووەتەوە و بەردەوام سەرکوت دەکرێت.

 

پیاوسالاری و فاشیزم وەک یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی ئەم شارە دادەنرێت، مەهدیە.ک، یەکێک لە ژنە زەحمەتکێشەکانی خەڵکی خوی دەڵێت: لە سەرەتای ئەم ڕاپەڕینەدا، ژنانی زەبادی لەگەڵ پیاوانی بنەماڵەدا ڕووبەڕوو بوونەوە، پرسی حیجاب و نافەرمانی لە بنەماڵەکاندا، بەتایبەتی بنەماڵە کۆنەپارێزەکان، واتای شکاندنی تابووەکان بوو، خوی هێندە داخراوە و فشاری ڕژێمی لەسەرە، کە کۆمەڵگەکەی ئەستەمە گۆڕانکاری تیادا بکرێت، حکومەت تەنانەت ئاگاداری شوێنە دێرین و بەنرخەکانی وەک گۆڕی شەمسیش نییە، تەنها بە نیازە حوکمڕانی کەشێکی تایبەت بکات لەم شارەدا کە تێکەڵ بە ئایین بێت، واتە ئەگەر خەڵک بیەوێت سەرپێچی بکەن، ئەوا ئایینەکەیان دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.

 

"تورکەکان پڕوپاگەندەیان دژی شۆڕش دەکرد"

لە درێژەدا مەهدیە دەڵێت: کاتێک ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمی ئیسلامیەوە کوژرا، هەندێک کەسایەتی فاشیستی تورک کە دیاربوو سەر بە دەوڵەتن. لە دژی ئەم ڕاپەڕینە لەناو خەڵکدا پڕوپاگەندەیان دەکرد، بۆ نمونە دەیانوت بۆچی بۆ کچێکی کورد بێینە سەر شەقام، ئەم پڕوپاگەندانە هێندە گاڵتەجارانە بوو، کە هەرزوو خەڵک لێیان تەکییەوە، لە سەرەتای ڕاپەڕیندا بە گشتی و بە تایبەت لە خوی ئەو کێشانە هەبوو، تا ژمارەی ژنانی ناڕازی و نافەرمانی مەدەنی وەک سەرپێچی لە حیجابی ناچاری تەشەنەی دەسەند، سەرکوتکارییەکانیش توندتر دەبوون، بەڵام ناڕەزایەتی هەر بەردەوام بوو، لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ژینادا زۆربەی بازاڕ و دوکانەکانی شاری خوی داخران و تەنانەت بازاڕی سنووریش بەشداری مانگرتنەکە بوون، حکومەت هەوڵ دەدات لەم شارەدا ناڕەزایەتییەکان ئاسایی بکاتەوە و بە ئاساییکردنەوە نیشان بدات کە هەستیاری کەمتر هەیە، بۆ ئەوەی بە نهێنی خەباتی ئەم گەلە سەرکوت بکات.

 

شاری خوی نموونەی قوربانیی بیرکردنەوەی پێشوەختە و بێبەشییە، بۆیە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" زۆر کاریگەری لەسەر بووە و بە تایبەتی بیرکردنەوەی نەوەی گەنجی بە ئایدیالی جیاواز لە نەوەی پێشوو ڕازاندەوە، لە ساڵیادی تیرۆرکردنی ژینا ئەمینیدا، داخستنی بازاڕی سنووری و دوکانەکانی شاری خوی دەریخست کە ئامانجەکانی ئەم ڕاپەڕینە زۆر فراوانن و دەتوانن هەموو نەتەوە و کولتوورێک لە ئازادی نزیک بکەنەوە، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان نەتوانرا بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبکرێتەوە.