خانەنشینانی شاری کرماشان بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان
خانەنشینانی کرماشان بەردەوامن لە چالاکییەکانیان و دروشم دژی خراپی بارودۆخی ژیانیان دەڵێنەوە.

ژوان کەرەمی
کرماشان- خانەنشینانی کرماشان لە بەردەم بینای سندووقی نیشتمانی خانەنشینی شاری کرماشان لە شەقامی ئەلجەعفەری نێوان گۆڕەپانی فیردەوسی و ئازادی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
لە میانەی ناڕەزایەتییەکەدا نوێنەری خانەنشینان وتارێکی پێشکەش کرد، کە تیایدا باسی لە بارودۆخی سەختی ژیانی خانەنشینان و جێبەجێنەکردنی یاساکان لەلایەن حکومەت و دامودەزگاکانەوە، کرد، کە ژیانی خانەنشینانی قورستر کردووە، هەروەها ئیدانەی پشتگوێ خستنی داواکارییەکانیان کرد و ڕایانگەیاند، تەنها بە هاتنە سەر شەقام، مافەکانیان بەدەست دەهێنن.
خانەنشینان چەندین دروشمیان بەرزکردەوە، لەوانە: "خانەنشین دەمرێت و زەلیلکردن قبوڵ ناکات"، "هەژاری و گەندەڵی، هەڵاوسان، بارگرانی لەسەر خەڵک زیاد دەکەن"، "ژیان و کەرامەت مافی خۆمانە و ڕێککەوتنی لەسەر ناکرێت"، هەروەها داواشیان لە وەزیری کار کرد دەست لە کار بکێشێتەوە.
شایانی باسە کە ژمارەی خۆپیشاندەران گەیشتە زیاتر لە سەد کەس و هێزە ئەمنییەکانیش بە جلی مەدەنییەوە لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکرا.