ئێران لە پلەی ٩٠ی جیهاندایە بۆ بەدخۆراکی

ڕێکخراوی فاو ڕایگەیاند کە ئێران لە ڕووی بەدخۆراکییەوە لە پلەی ٩٠ی جیهان دایە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی جیهانی خۆراک و کشتوکاڵی ڕێکخراوی نەتەوەکان-فاو لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا لە ژێر ناوی "دۆخی ئاسایشی خۆراک و بەدخۆراکی لە جیهاندا"، لێکۆڵینەوەی لە خۆراکی ١٦٧ وڵاتی جیهان کردووە و تیایدا ئێران ڕیزبەندی ٩٠ی لە ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٢ بەدەستهێناوە.

 

ئامارەکانی ڕێکخراوی فاو ئاماژە بەوە دەکەن، کە لەم ماوەیەدا ٦.١٪ی دانیشتوانی ئێران ڕووبەڕووی کێشەی بەدخۆراکی بوونەتەوە؛ لە کاتێکدا لە ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ زیاتر لە ٧٪ی دانیشتوانی ئێران کێشەی بەدخۆراکییان هەبووە.

 

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، وڵاتانی ئیمارات، نەمسا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا کەمترین ڕێژەی بەدخۆراکییان هەیە کە کەمتر لە ٢.٥٪.

 

ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە قەیرانە ئابوورییەکان و هەڵاوسانی بەربڵاو لە ئێران بووەتە هۆی لابردنی زۆرێک لە ماددە خۆراکییە سەرەکییەکان لە ژەمەکاندا، لەوانە بەرهەمی شیرەمەنی، گۆشت، سەوزە و میوە، فاسۆلیا و هتد، لە سەبەتەی خۆراکی خەڵک.