کۆچی دوایی میدیاکارێکی میسری و هونەرمەندێکی ئێرانی

دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی، میدیاکاری میسری فەیزە واسف، کە نزیکەی نیو سەدە لە تەلەفزیۆن و ڕادیۆ کاری کردووە، هەروەها هونەرمەندی ئێرانی فەخری خوروش لە تەمەنی ٩٤ ساڵیدا کۆچی دواییان کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

میدیاکاری میسری فەیزە واسف، لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ١١ی حوزەیران، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، فەیزە بەشی نواندن و دەرهێنانی لە پەیمانگای هونەرە دراماتیکییەکان تەواو کردووە و بە درێژایی ژیانی میدیایی خۆی، گرنگی بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان داوە.

 

فەیزە واسف لە سەرەتای ژیانی هونەریدا، بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٦٣، لە ڕێگەی بەرنامەی "گۆرانی ڕۆژ"ەوە لە ڕادیۆ دەرکەوت، دواتر ڕووی لە تەلەفزیۆن کرد و بەرنامەی "پەیامەکان"ی پێشکەش کرد، پاشان بووە پێشکەشکاری بەرنامەی "ژیانم"” کە بووە یەکێک لە کارە بەناوبانگەکانی.

 

هونەرمەند فەخری خوروشی ئێرانی کۆچی دوایی کرد

لە لایەکی دیکەوە، هونەرمەندی شانۆ، سینەما و تەلەفزیۆنی ئێرانی، فەخری خوروش، دوێنێ، ١٠ی حوزەیران لە شاری لۆس ئەنجلۆس کۆچی دوایی کرد.

 

فەخری خوروش، لە ٣١ ئایاری ساڵی ١٩٢٩ لەدایکبووە و ڕلە بواری نواندندا چەندین ڕۆڵی بینیوە، دوایین فیلمەکانیشی لە ساڵانی هەشتاکان بووە و دوای کۆچکردنی بۆ ئەمریکا، بەشداری هیچ چالاکییەکی نواندنی نەکردووە.

 

فەخری خوروش لە زیاتر لە ٤٠ فیلمدا بەشداری کردووە، بەناوبانگترینیان بریتین لە "پیاوێک لە کریستاڵ"، "تارا و تای شلیک"، "شازادەی حیجاب"، "مستەر هەلاو" و "ماڵ لە تاریکیدا"، "گەشاوەتر لە تاریکی" و چەندانی دیکە.