پڕۆژەی دارستانی دەستکرد یارمەتی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەدات

بەشداربووانی پڕۆژەیەکی دارستانی دەستکرد لە شاری قامیشلوی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی پاراستنی ژینگە لە پیسبوون بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و فڕێدانی پاشماوەکان و بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە لە ناوچەی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پەروەردە و زانکۆی ڕۆژئاوا و کۆمەڵەی هیوا و ئاشتی پڕۆژەیەکی دارستانی دەستکردیان لە گوندی "نافکەر" لە شاری قامیشلۆ دەستپێکرد، کە پێشتر خاشاکێکی زۆری تێدا فڕێدرابوو زیانی تەندروستی و ژینگەیی لێکەوتەوە بەهۆی نزیکبوونەوەی لە دەروازەی شارەکەوە.

 

بەشداربووانی پڕۆژەکە تیشکیان خستە سەر چاندنی درەختی دارستانەکان کە بە درێژایی ساڵ سەوز دەمێننەوە، وەک سایپرێس و دار سنەوبەر و دار بەڕوو و زەیتوون و قەزوان، بە ئامانجی بەشداریکردن لە برەودان و پاراستنی ژینگە.

 

هەنگاوی یەکەمی دارستانی دەستکرد

حەلا ئەحمەد، ئەندازیار کە بەشداری لە دەستپێکردنی پڕۆژەکەدا کرد وتی: ناوچەی نافکەر تەنها گۆڕەپانێک بوو کە وەک خاشاک بەکاردەهات، بۆیە ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی ژینگە لێکۆڵینەوەمان لە ناوچەکە کردووە و پاشماوەکانیمان گواستووەتەوە و کارمان کردووە لەسەر ڕێکخستنی خاکەکە و ئامادەکردنی بۆ کشتوکاڵ، کە هەنگاوی یەکەمە بۆ دامەزراندنی دارستانێکی دەستکرد لە ناوچەکەدا، پێش دەستپێکردنی پڕۆژەکە، کۆمەڵەی هیوا و ئاشتی دەستپێشخەرییەکی پێشکەش کرد و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ژینگەوە لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر ئەم پڕۆژەیە پێشکەش کرد بۆ پێکهێنانی لیژنەی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە لە شوێنەکە و سەرکەوتنەکەی و هەردوو دەسەڵاتی پەروەردە و زانکۆی ڕۆژئاوا پشتگیری پڕۆژەی دارستانی دەستکردیان کرد.

 

ڕوونیکردەوە کە لە ماوەی پڕۆژەکەدا نزیکەی دوو هەزار دار لە زەوییەکەدا چاندراوە، کە بە ٨٠٠ دۆنم مەزەندە دەکرا، دوای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ خاشاکێکی زۆری تێدا فڕێدرا بوو، لەو ماوەیەدا بووە بەهۆی سوتاندنی پاشەڕۆوە زیانیکی زۆر هەبوو، بە مەبەستی ئەوەی ببێتە دارستانێکی دەستکردو ڕووەکەکان زیاد بکەن، پڕۆژەکە پێویستی بە کاری زۆر هەیە وەک پاککردنەوەی ناوچەی پاشەڕۆ و هەڵکەندنی خاک و پاراستنی ئاو.

 

پڕۆژەکە بەدوای چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆردا دەڕوات، بەگوێرەی ئەوەی حەلا ئەحمەد باسی کرد، وەک چاندنی دار لە قوتابخانەکان و پێشانگاکانی ڕێگاوبان و فراوانکردنی دارستانەکانی مەزکفات بۆ جاری سێیەم، جگە لە چەندین پڕۆژەی داهاتوو کە ئامادەکراون بۆ تەواوکردنی لەئەمساڵدا.

 

منداڵان بۆ پاراستنی ژینگە پەروەردە دەکرێن

حەلا ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشکردووە، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە بەردەوام کاردەکات بۆ پەروەردەکردنی منداڵان دەربارەی پاراستنی ژینگە و پاکوخاوێنی لەڕێی پێشکەشکردنی وانەکان لە قوتابخانەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی پەروەردە و زانکۆی ڕۆژئاوا، هەروەها ئێمە کاردەکەین لەسەر ئەنجامدانی وانە لە کۆمۆنەکان و دامەزراوەکانی ناوچەکە، کە چاندنی دار ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پاراستنی ژینگە و ڕێگریکردن لە بە بیابانبوون و ڕووخانی خاک و یارمەتیدان لە پاککردنەوەی هەوا.

 

سەبارەت بە بەشداریکردنی لە پڕۆژەی دارستانی دەستکرد لە ناوچەی نافکەر، هێڤی محەمەد، خوێندکاری کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی ڕۆژئاوا ئاماژەی بەوەکرد ئەمە یەکەم ئەزموونی ئەو بوو، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە گەورەیە و تەواوی ناوچەکەی تێدایە، وتیشی: پڕۆژەکە هەنگاوێکی نوێ و جیاوازە، بە ئامانجی زیادکردنی ڕووەک و نەهێشتنی بە بیابانبوون و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا، جگە لە بەشداریکردن لە یەکسانکردنی پلەی گەرما.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕوناهی تییسەر، خوێندکاری زانکۆی ڕۆژئاوا وتی: پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بنچینەی پەرەسەندنی کۆمەڵگەکانن و سوودی زۆریان هەیە، ئێمە درەختمان لەگەڵ منداڵان چاند بۆ ئەوەی هانیان بدەین کە گرنگی بە ژینگە بدەن، بە ڕای من ئەم پڕۆژانە یارمەتی دروستکردنی منداڵ و نەوەکان دەدەن کە زیاتر گرنگی بە ژینگە دەدەن، ئێمە پاشماوەکانمان کردووەتە زەوییەکی سەوز، شارەکەمان بەرپرسیارێتی هەموومانە، ئەگەر نەتوانین بیپارێزین لە پیسبوون، نەخۆشی و ڤایرۆس لە هەوا و ژینگەدا بڵاودەبێتەوە.