چاکبوونەوە لە جەڵتەی مێشک بۆ ژنان قورسترە

دامەزراوەی دڵ و جەڵتەی مێشک لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، ژنان ڕێژەی تووشبوونیان بە تێکچوونی باری دەروونی و دڵەڕاوکێیان زیاترە لە پیاوان، ئەمەش مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە خەمۆکی، لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان زیاتر لە پیاوان بەهۆی جە

ناوەندی هەواڵ

 

چاودێری تەندروستی و مامەڵەکردن لەگەڵ چاوەڕوانییەکان سەخت دەبێت بۆ ئەو ژنانەی کە ئەزموونی جەڵتەی مێشکیان کردووە لەکاتێکدا هەوڵدەدەن ڕووبەڕووی چۆنیەتی گۆڕانی ژیانیان ببنەوە، هاوشێوەی ئەزموونی ئەو ژنانەی دیکە کە زۆربەی بەرپرسیارێتی چاودێریکردن لە ئەستۆ دەگرن.

 

دامەزراوەی دڵ و جەڵتەی مێشک لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، ژنان ڕێژەی تووشبوون بە تێکچوونی باری دەروونی و دڵەڕاوکێیان زیاترە لە پیاوان، ئەمەش مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ تووشبوون بە خەمۆکی.

 

لە کاتێکدا مرۆڤەکان لە هەر تەمەنێکدا دەتوانن تووشی جەڵتەی مێشک بن، بەڵام ژنان بە شێوەیەکی ناڕێژەیی تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، ئاماژە بەوەشکراوە، مەترسییەکانی ژنان  لە کاتی دووگیانیدا سێ هێندە زیاد دەکات و هەروەها دوای وەستانی سوڕی مانگانە و کاتێک بەساڵاچوون زیاترە چونکە جەڵتەی مێشک دەتوانێت لەو کاتەدا توندتر بێت، ئەمەش مەترسی مردنیان لەسەر دروست دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠١٩دا نزیکەی یەک لەسەر سێی ژنان زیاتر لە پیاوان بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە گیانیان لەدەستداوە، کاتێک لە جەڵتەی مێشک ڕزگاریان دەبێت دەرئەنجامەکانیان خراپتر دەبێت، لەنێویاندا زیانەکانی لەسەر تەندروستی دەروونییان قورستر دەبێت.

 

هەروەها ژنان کەمتر دەتوانن دەستیان بە چاکبوونەوەی دوای جەڵتەی مێشک بگات چونکە هەست بە فشار دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی ڕۆڵەکانیان لە ژیانی ئاسییان وەک چاودێریکردنی منداڵان، دایک و باوکی بەساڵاچوو یان کەسانی دیکە و زۆرجار توانای ئەوەیان نییە پارەی پێویست بۆ چارەسەری پزیشکی دابینبکەن یان کاتێک بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پزیشک وەربگرن.

 

بەشێکی زۆر لەو هۆکارانەش بەشدارن لە تەندروستی دەروونی ژنان و توانای خۆگونجاندنیان لەگەڵ بارودۆخی ژیان، لەگەڵ لاوازی قۆڵ یان کێشەی قسەکردن، یاخود هەندێک کەس ڕووبەڕووی کێشەی سۆزداری دەبنەوە بەپێی ئەوەی کام بەش لە مێشکیان کاریگەری لەسەر بووە بەهۆی جەڵتەکەوە.

 

بەپێی ڕێنماییەکانی باشترین پراکتیکی دامەزراوەی دڵ و جەڵتەی مێشک، پێویستە خەڵک لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا دوای چوونە ناو نەخۆشخانە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ جۆری چاکسازی کە پێویستیانە لەوێ و دووبارە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێتەوە پێش ئەوەی دەربچن بۆ ئەوەی ئایا پێویستە چارەسەری بەردەوام لە نەخۆشخانە یان لەناو کۆمەڵگە و خێزانەکانیان بەدەستبهێنن.

 

هەروەها ئەوانەی جەڵتەی مێشکی توندیان هەبووە بەو شێوەیە گەشبین نین بە چاکبوونەوەیان ئەگەر بزانن دەگەڕێنەوە بۆ ماڵێک کە بە تەنیا دەژین و دەبێت بە پلیکانەکاندا سەرکەون بە لاوازی لە لایەکی جەستەیان کە ناتوانن وەک پێویست کارەکانی ڕۆژانەیان ڕابپەڕێنن.

 

ژنان زیاترن لە پیاوان تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، ئەمەش نیگەرانییە بۆ پزیشکان چونکە ئەگەر توێژینەوە پزیشکییەکان ژنانی پێویست لەخۆ نەگرێت کە وەڵامێکی جیاوازیان هەبێت بۆ چارەسەرکردن، ئەوا پزیشکان ناتوانن باشترین ڕێنماییەکان پێشکەشبکەن کە ڕەنگە ژنان پێویستیان پێی هەبێت.