دروشمی "ئازادی" لە شارەکانی ئێران دەنگی دایەوە

دوای بڵاوبوونەوەی بانگەوازی بۆ ناڕەزایەتی جەماوەریی، شەوی ڕابردوو ئازادیخوازان لە شارە جیاجیاکان هاتنە سەر شەقامەکان و دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامییان وتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوابەدوای بانگەوازی ڕاگەیەندراو بۆ درێژەدان بە ناڕەزایەتییەکان و ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵک لە شەقامەکان دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، شەوی ڕابردوو ئازادیخوازان لە زۆربەی شارەکانی ئێران دەستیان بە خۆپیشاندانەکانیان کردەوە و خوازیاری ڕووخاندنی ڕژێم بوون.

 

بەپێی وێنە بڵاوکراوەکان، دوای تەواوبوونی یاری تۆپی پێی یانەی ئیستقلال و سەرکەوتن، خۆپیشاندەرانی شارەکانی ئێران و کوردستان وەک تاران، ئیسفەهان، کەرەج، گۆهەردەشت، سەرابلە، شیراز، قەزوین، کرماشان، سنە و چەند شارێکی دیکە هاتنە سەر شەقامەکان و ڕێگەکانیان داخست.

 

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکە، هێزە ئەمنییەکان لە ژمارەیەک شوێنی دیاریکراوی گردبوونەوەکە جێگیرکران، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، بە تەقاندنی گولـلە و گازی فرمێسکڕێژ بڵاوەیان بە خۆپیشاندەران کردووە.