یونسێف داوای پشتیوانی بۆ منداڵانی ناوچەی بوومەلەرزە دەکات

ڕێکخراوی یونسێف ڕایگەیاند، دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات، منداڵان لە تورکیا و سوریا پێویستیان بە پشتیوانییەکی بێ وەستان هەیە، هۆشداریشی دا کە منداڵان لە مەترسی توندوتیژیدان وەک هاوسەرگیری بەزۆر و مۆڵەتی قوتابخانە و کارکردنی بەزۆر.

ناوەندی هەواڵ

 

١٠٠ ڕۆژ تێدەپەڕێت بەسەر بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات لە تورکیا و سوریا کە بووە هۆی وێرانکارییەکی گەورە. ڕێکخراوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" لە بارەی بارودۆخی ناوچە بوومەلەرزەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

"پێویستی بە پشتیوانی بەردەوام هەیە"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، دوای بوومەلەرزەکە، منداڵان لە هەردوو وڵات تووشی دڵتەنگییەکی چاوەڕواننەکراو بوون، "بوومەلەرزەکە لەو ناوچانە ڕوویداوە کە ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان لە دۆخێکی خراپدا دەژین، منداڵەکان خێزان و خۆشەویستەکانیان لەدەستدا، ژیانی ئەو منداڵانەی کە ماڵەکانیان وێران بووە، ئەو قوتابخانە و ژینگەیەی تێیدا دەژیان زیانیان بەرکەوتووە، ڕێگای چاکبوونەوە زۆر درێژە و خێزانەکان هەمیشە پێویستیان بە پاڵپشتی ئێمەیە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە،  بوومەلەرزەکە کاریگەری لەسەر ئەو شوێنانە کردووە کە ڕێژەی هەژاریی تێیاندا بەرزە و خێزانەکان لە هەرێمەکەدا بە ڕێژەی ٤٠٪ لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، کە دەکاتە ٣٢٪  لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئەگەر پارە و خزمەتگوزارییەکانی پەروەردە، لەوانە پشتیوانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بێ وەستان، مسۆگەر نەکرێت، ئەوا ئەم ژمارەیە لەوانەیە  ٥٠٪ تێپەڕێنێت.

 

"منداڵان بە هاوسەرگیری بەزۆر ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە منداڵانی ئەم ناوچەیە ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە وەک توندوتیژی، هاوسەرگیری بەزۆر، مۆڵەتی قوتابخانە یان کارکردنی بەزۆر زیاتر لە ٣٥٠ هەزار منداڵی پەنابەر و کۆچبەر بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

 

"پێویستە پلانێکی بەپەلە بۆ یارمەتیدانی سێ ملیۆن منداڵ جێبەجێ بکرێت"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: کە پێویستە ١٧٢.٧ ملیۆن دۆلار دابین بکرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی یارمەتیدانی نزیکەی سێ ملیۆن منداڵ، کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریاوە زیانیان بەرکەوتووە، تا ئێستا ٧٨.١ ملیۆن دۆلار کۆکراوەتەوە و هێشتا کەموکوڕییەکی گەورە هەیە لە بوارە گرنگەکانی وەک خۆراک و تەندروستی و پەروەردە.