ڕێکخراوی مافی مرۆڤ: دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، دوو لەسەر سێی دانیشتوانی ئەفغانستان ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراک بوونەتەوە و لانیکەم ٨٧٥ هەزار منداڵ لە ئەفغانستان لەگەڵ بەدخۆراکی تونددا دەجەنگن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکی نوێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤدا باس لە دۆخی ئەفغانستان دەکرێت و تێیدا هاتووە، "دۆخی ئەفغانستان تا ڕادەیەکی زۆر لە میدیاکاندا شاراوەتەوە، بەڵام هێشتا یەکێک لە خراپترین کارەساتە مرۆییەکانی جیهان بەخۆیەوە دەبینێت، دوو لەسەر سێی دانیشتوانی وڵات لە نائاسایشی خۆراکدا دەژین، لەنێویاندا ٨٧٥ هەزار منداڵ لەم وڵاتەدا کە لەگەڵ بەدخۆراکی تونددا دەجەنگن و ژنان و کچان لەم وڵاتەدا زۆرترین مەترسییان لەسەرە".

 

ستیفان دوجاریک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی ئەفغانستان وتی: بە پێی ئەو زانیارییە زیادانەی کە لەبەردەستمدایە، دۆخی مرۆیی ئەفغانستان گرنگە، لە هەمان کاتدا چالاکییەکانمان ڕووبەڕووی کەمی بودجە بوونەتەوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی میدیا ناوخۆییەکانی ئەفغانستانیش، هۆکاری زیادبوونی نائاسایشی خۆراک لەم وڵاتەدا، سزا ئابوورییەکان و بەستنی سەروەت و سامانی ئەفغانستانە، بەگوێرەی دەرئەنجامەکانی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیش لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە هاوکارییە مرۆییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە هاوڵاتیانی ئەفغانستان هەژارتر و برسیتر بن و لەم پرۆسەیەشدا دەتوانێت لە ساڵانی داهاتوودا کارەساتێکی مرۆیی بۆ ئەم وڵاتە دروست بکات.

 

سەرچاوەکانی ئەفغانستان باس لەوە دەکەن کە گروپی تاڵیبان دەستیان بەسەر هاوکارییە مرۆییەکاندا گرتووە و دوای گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتەیان قورستر کردووە.