ژنێکی گەنجی ڕفێندراو لە کەرکوک ڕزگار کرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق بڵاویكردەوە، دوای ڕفاندنی ژنێکی گەنج لەلایەن دوو كەس كە بە فێڵ لە بابلەوە براوەتە كەركوك، ژنە گەنجەکە ڕزگار كرا و ڕفێنەرەكانیش دەستگیر كران.

ناوەندی هەواڵ


دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی سكاڵایەكیان بەدەستگەیشتووە لەسەر ڕفاندنی ژنێکی گەنج، كە لە پارێزگای بابلەوە بە فێڵ براوەتە كەركوك، تیمێكی بەدواداچوون پێكهێندرا.


ئاماژە بەوەشکراوە،  لە ماوەی ٦ كاتژمێردا توانرا شوێنی ڕفێنەران ئاشكرا بكرێت و بە وەرگرتنی ڕەزامەندی دادوەر هێزێكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی هەڵیانكوتایە سەر شوێنەكە و ژنە ڕفێنراوەكە ڕزگار كرا.


هەر بەپێی بەیاننامەكە، دوو كەس دەستگیر كران كە ژنە گەنجەکەیان ڕفاندبوو، پێشتریش چەندین تاوانی تریان ئەنجامداوە و هەڕەشەیان لە خەڵك كردووە و پارەیان لێسەندوون، بەشێك لەو كارانەشیان هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی وێنەی تایبەتییان بووە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان.