بڕینی بێ جیاوازی دارەکانی پیر مەحمود لە شاری دیواندەرە

جیهانێک کە درەختی تێدا نەبێت، بیابانێکە؛ کەس لە بیابان ماڵ دروست ناکات و سروود نەڵێتەوە و ئاڵا دروست ناکات و خۆشی ناوێت، بە بڕینەوەی دارەکانی پیر مەحمود لە شاری دیواندەرەش سروشتی شارەکەی ناشرین کردووە.

دیواندەرە

 

یەکێک لە هۆکارەکانی پیسبوون و لەناوچوونی ژینگە، بڕینی بێ جیاوازیی دار و لەناوبردنی لەوەڕگەکانە، کە لە ئەنجامدا زیادبوونی وشکەساڵی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و کارەساتی سروشتی، لەدەستدانی سەرمایەی مرۆیی لێدەکەوێتەوە و لێکەوتەی قەرەبوو نەکراو بەجێدەهێڵێت.

 

ماوەیەکە دارەکانی دەوروبەری دیواندەرە لە ناوچەی پیر مەحمود لەلایەن قازانجخوازانەوە دەبڕدرێن و بە قاچاخ دەبردرێن، هاوڵاتییەکی شارەکە بۆمان دوا و وتی: گریمان لە جەژندا لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەت گەشت بۆ دەرەوەی شار دەکەیت بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەربەریت و دوور بکەویتەوە لە کارەکانی ڕۆژانە و لە پیسی هەوای شار، لەوێش وشکبوون و بڕینی دار و کەمی سەوزایی دەبینیت، ئایا دەکرێت لەم دۆخەدا ڕۆژێکی خۆش بۆ گەشتکردن بەسەر بەریت؟ بڕینی هەموو دارێک هەنگاوێکە بۆ لەناوبردنی داهاتوو.

 

ئەو هاوڵاتییە ئاماژەی بەوەشکرد، ژینگە و بوونی دارەکان یەکێکە لە توخمە گرنگەکان بۆ زیندوو ڕاگرتنی زەوی و دروستکردنی پانتایی سەوز، یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکان بۆ زیندوو ڕاگرتنی زەوی، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا بەداخەوە دەبینین دارەکان دەبڕدرێنەوە، دارەکان ئەمڕۆ یەکێکە لە پێویستییەکانی بەردەوامبوون، هەمیشە بۆ خۆشی دەهاتینە لای پیر مەحمود، بەڵام ئێستا تەنیشت ڕێگاکە کە ئاو و کانیاو بوو، بە تەواوی دارەکانیان بڕیوە و سروشتیان لەناوبردووە، ئایا ئەو قازانجەی کە لە فرۆشتنی ئەم دارانە بەدەستی دەهێنیت زیاترە لەو قازانج و سوودەی کە سروشت پێشکەشی دەکات؟ جیهانێک کە درەختی تێدا نەبێت، بیابانێکە؛ کەس لە بیابان ماڵ دروست ناکات و سروود ناڵێتەوە و ئاڵای زانست ناچێنێت و خۆشی ناوێت.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە مەترسییەکانی سەر ئیکۆسیستەم دەتوانرێت بەم سەردێڕانەی خوارەوە پۆلێن بکرێت:

١- لاوازی یاساکان و نەبوونی هەماهەنگی و سەرپەرشتی لە کارگێڕیدا

٢- گۆڕینی بەکارهێنانی زەوی و بەکارهێنانی نادروستی زەوی

٣- دروستکردنی ڕێگاوبان بەبێ ڕەچاوکردنی ژینگە

٤- کێشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی

٥- بێ جیاوازی لەوەڕاندن لەلایەن ڕەنجەرانەوە

٦- پێشێلکردنی دارستانە سروشتیەکان

٧- گرنگی نەدان بە بەها ژینگەییەکان و جۆراوجۆری زیندوو

٨- گۆڕینی بەکارهێنانی زەوی دارستانەکان بۆ کشتوکاڵ، ئەمەش هاوسەنگی ئیکۆسیستەم تێکدەدات و جۆرەکانی ڕووەک و ئاژەڵ کەمدەکاتەوە و مەترسی لەسەر دروست دەکات.