ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: بۆ پاراستنی خۆمان خەبات دەکەین

ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامن لە چالاکییەکانیان بۆ ئیدانەکردنی ژەهراویکردنی قوتابخانەکان و بە هەڵوێستەکانیان ڕایانگەیاند، "ئێمە چیتر قوربانی نین، ئێمە شەڕڤانین و شەڕ دەکەین بۆ پاراستنی خۆمان".

لارا گەوهەری

 

مهاباد- دوای ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بە شێوەیەکی سەرەکی خوێندکاران و ژنان و خەڵک لە دژی سیاسەتەکانی ڕژێمی ئێران لە ڕاپەڕیندان، ڕژێمی ئێران دەیەوێت بە ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکان تۆڵە لە پێشەنگی سەرهەڵدانەکان بکاتەوە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای ژەهراویکردنی قوتابخانەکانی شارەکە، کردەوەی ژەهراویکردنیان شەرمەزار کرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو خوێندکار و مامۆستایان دەربڕی کە بەرخۆدان دەکەن.

 

"ڕژێم ڕێگەمان پێنادات ژیانمان بەباشی بنیاد بنێین"

مەستورە کەمالی دایکی دوو کچە، یەکێکیان لە قوتابخانەی میعراج دەخوێنێت و دەڵێت: کچەکەم لە قوتابخانەیەک دەخوێنێت کە ژەهراوی کرا، کچەکەم ژەهراوی نەبوو بەڵام ماوەیەکە بۆ هاوڕێگەی دەگری و ماوەی دوو شەوە باری دەروونی باش نییە، من بەرپرسیارم لە بەخێوکردنی کچەکەم لە ژینگەیەکی سەلامەتدا، بەڵام ڕژێم ڕێگەمان پێنادات ژیانێکی باش بنیاد بنێین، ئەو منداڵانەی ئەمڕۆ بەر ژەهراوی بوون مەترسییەکی گشتییان لەسەرە، منداڵەکانمان منداڵی ئەم خاکەن، ئەگەر کچەکەم ئەمڕۆ بریندار بوو، سەدان کچی دیکە سبەی لە مەترسیدا دەبن، من پێم سەیرە کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگن، کاتێک ئەم جۆرە هێرشانە لێرە ئەنجام دەدرێن، لێرە منداڵی قوتابخانەکان تیرۆریزە دەکەن و هیچ ئاسایشێکیان نییە.

 

مەستورە کەماڵی درێژە بە قسەکانی دەدات و دەشڵێت: من منداڵەکانم نانێرم بۆ قوتابخانە و پشتگیری لە مانگرتن و خۆپیشاندان دەکەم دژی ئەو ژەهراوی کردنە، من وەک ژنێک و دایکی دوو منداڵ، لەپێناو سەلامەتی دەروونی و ژیانی منداڵەکانم، ئەم کارە تیرۆریستییە ئیدانە دەکەم.

 

"دوژمنی ژنان لە بیرکردنەوەکانمان دەترسێت"

میدیا ئەحمەدی، خوێندکاری شاری میهابادە، سەبارەت بە هێرشەکان دەڵێت: پەروەردە و زانایی و ئازادیخوازی هاوتای یەکترن، دیکتاتۆریەت لەناو دەبەن، ژنانیش وەک پێشەنگەکانی ئەم ڕێگایە، بە ئازایەتی خۆیان ئاگری ئازادی هەڵدەکەن، بەڵام هێرش دەکرێتە سەر ژنان. ئێمەی ژنانی ئازادیخواز ئیدانەی هێرشە ژەهراوی و تیرۆریستییەکانی سەر قوتابخانەکان دەکەین، ئەوان دەیانەوێت بە شەڕکردن بە بیری دژە ژن و دژە ئینسانی ئێمە بترسێنن، با بزانن ئێمە پشتیوانی لە قوتابیان و مامۆستایانی ناڕازی دەکەین تا ڕژێمی ئیسلامی لەناو دەچێت، بەردەوام دەبین لە مانگرتن و خۆپیشاندانەکانمان.

 

"ئەوان دەیانەوێت خوێندکاری کچ لە خوێندن و گەشەپێدان دوور بخەنەوە"

دیمەن شەکیبی ژنێکی خەڵکی بوکانە و دایکی کچێکە، بەمەبەستی شەرمەزارکردنی ژەهراویی قوتابخانەکان دەڵێت: لە ئێران پیاوان دەیانەوێت قوتابیان و بەتایبەت کچان لە خوێندن و گەشەپێدان دوور بخەنەوە و ژەهراوییان بکەن و بە گازی کیمیایی ژەهراوییان بکەن، ئەوەی من لە قوتابیاندا دەیبینم بوێری و خەباتە، ڕەنگە ئەم خەباتە ئەمڕۆ ڕوخسارێکی نوێی هەبێت، بەڵام ساڵانێکە بەردەوامە، هەرچەندە ئەمڕۆ گەیشتووەتە قوتابخانەکان، بەڵام ساڵانێکە ژنان لە بنەماڵە، زانکۆ، کارە جیاوازەکان و تەنانەت لە دادگاشدا ڕەت دەکرێنەوە یان پشتگوێ دەخرێن. پێشتر ئێمە لە ڕۆڵی قوربانیدا بووین، بەڵام ئەمڕۆ هەموو ژنانی ئازاد خەباتکارن، لە هەمان بەرەدا شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی مافە ڕەواکانی خۆیان، هەر بۆیەش ئیدانەی ژەهراویکردنی قوتابخانەکان دەکەین، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خۆمان و منداڵەکانمان خەبات دەکەین.