سێ مانگە ژنێکی عەفرینی و ٤ منداڵەکەی هیچ هەواڵێکیان لەبارەوە نییە

هەواڵگری دەوڵەتی تورک ژنێکی کوردی خەڵکی عەفرین کە بەهۆی داگیرکارییەوە کۆچی کردبوو بۆ تورکیا، لەگەڵ منداڵەکانی ڕفاند و ماوەی سێ مانگە چارەنووسیان نادیارە.

شەهبا

 

خێزانێکی کوردی خەڵکی عەفرین بەهۆی داگیرکردنی دەوڵەتی تورک کۆچیان بۆ تورکیا کرد، لەلایەن هەواڵگری تورکیاوە بێسەروشوێنن و ماوەی سێ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەیان نازانرێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، ئیدریس موسا لە گوندی چەقماقەی بچوک سەر شارەدێی ڕەجۆی عەفرین بەهۆی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیاوە لە ناوچەکە و فشاری چەتەکانییەوە ناچاربوو کۆچ بۆ تورکیا بکات، دوای ساڵێک هاوژین و منداڵەکانی لەگەڵ خۆی برد، لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، ئیدریس موسا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی چووەتە ئەوروپا، دوای ڕۆیشتنی هاوژین و چوار منداڵەکەی لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە ڕفێندران.

 

ناوی ئەندامانی بنەماڵەکەی ئیدریس موسا بەمشێوەیەیە؛

هاوژینەکەی؛ دیجلە جەمال بەکر ١-١-١٩٩٣ لە دایکبووە و خەڵکی گوندی خوارووی مێرونییە سەر بە قەزای شییە.

منداڵەکان؛ ماریی ئیدریس موسا لەدایکبووی ٢٠١١، مەروان ئیدریس موسا لەدایکبووی ٢٠١٣، محەمەد عەلی ئیدریس موسا لەدایکبووی ٢٠١٥، میرا ئیدریس موسا لەدایکبووی ٢٠٢١.

 

داوا لە ئیدریس کرا کە هاوکاری هەواڵگری تورکیا بکات

لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢، ئیدریس تورکیای بەجێهێشت و بەرەو وڵاتانی ئەوروپی بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی کۆچی کرد، بەڵام هاوژین و منداڵەکانی لە تورکیا مانەوە، دوای دوو مانگ، هەواڵگری تورکیا دیجلە و ٤ منداڵەکەی دەستبەسەر کرد و بردنیان بۆ پۆلیسی ئیستەنبوڵ، دواتر هیچ زانیارییەکیان لەبارەوە نەزانرا، بەپێی زانیارییەکان، دوای ماوەیەک لە بێسەروشوێن بوونی ئەو خێزانە، چەتەکانی دەوڵەتی تورکیا پەیوەندییان بە ئیدریسەوە کردووە لە بەرامبەر سەلامەتی خێزانەکەیدا، دەبێت برای هاوژینەکەی بە ناوی م. ج. ب. لە کانتۆنی شەهبا نیشتەجێیە، دژی هێزە کوردییەکان هاوکاریان بکات، ئەوکات خێزانەکە ئازاد دەکەن.

 

هەرچەندە ئەم کردەوانەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی تاوانی جەنگە و پێویستە لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوان و دەوڵەتی تورکیا بکرێت، بەڵام هیچ هەڵوێستێک ناخرێتە ڕوو، جگە لەوەش ئیدریس موسا داوای لە ڕێکخراوە یاسایی و مەدەنی و نێودەوڵەتییەکان کرد، فشار بخەنە سەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ ئەوەی چارەنووسی بنەماڵەکەیان بزانن و ئازادیان بکەن.