سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە سەردانی ژنانی باشووری کوردستانی کرد

بۆ چارەسەری کێشەی ژنان و ڕووبەڕووبوونەی ئەو سیستەمەی تیایدا مافی ژنان پێشێل دەکات، ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە سەردانی باشووری کوردستانی کرد و ئەمڕۆ لەگەڵ یەکێتی ژنان کۆبووەوە.

سلێمانی

 

ماوەی دوو ڕۆژە ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە، سەردانی باشووری کوردستانی کرد و لەگەڵ هەریەک لە ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان و نوخشە ناسحی قائیمقامی شاری هەڵەبجە کۆبوونەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکە هاوپشتی ژنانی کورد بوو، هەروەها چارەسەری کێشەی ژنان و ڕووبەڕووبوونەی ئەو سیستەمەی تیایدا مافی ژنان پێشێل دەکات، بەشێک بوو لە تەوەری گفتوگۆکانیان.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ لە هۆڵی تەوار لە شاری سلێمانی ئیلهام ئەحمەد، بە یاوەری نوێنەرایەتی کۆنگرەی ستار لە باشووری کوردستان، لەگەڵ یەکێتی ژنانی کوردستان کۆبوونەوە و لەلایەن ئەندامی یەکێتی ژنانەوە پێشوازییان لێکرا.

 

لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی ژنانی هەر چوار پاچەی کوردستان کرا و باس لە چارەسەرکردنی کێشەکان کرا، سەیوان ڕۆستەم، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی ژنانی کوردستان، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە وەکو یەکێتی ژنان پەیوەندیەکی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ ژنانی هەموو پارچەکانی تری کوردستان، هیوادارم ئەم جۆرە سەردانانە ببێتە مایەی لەیەک تێگەشتن و چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان، ئەو هیوایەی کە هەمانە لە ڕێگەی خەباتێکی یەکگرتووەوە بەدیبهێنین، چونکە بەهێزی لە یەکبوونماندایە".

 

ئیلهام ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری مەسەدە لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، "یەکەم جارە سەردانی ڕێکخراوی ژنان دەکەین لە باشووری کوردستان، هاتووین بۆ ئەوەی  گفتوگۆ بکەین لەسەر کێشە و گرفتەکانی ژنانی هەر چوار پارچەکەی کوردستان، ژنان لە هەر جێگەیەک بن یەک پرسیان هەیە، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ژنان و پرسەکانیان دەبێت یەکگرتنی ژنان هەبێت، تا ئەو سیستمەی کە هەزاران ساڵە ژنان دەچەوسێنێتەوە تێکبشکێنرێت، بڕوامان هەیە کە پێکەوە دەتوانین ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە ببینەوە".