داوادەکرێت پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەت بخاتە کارنامەی دانیشتنیەوە

لیژنەی کاروباری پەرلەمانی عێراق پێشنیاری کردووە، دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا هەبێت و بخرێتە کارنامەی داهاتووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

یاسای خاوەن پیداویستی تایبەت، ئەو یاسایەی کە سەدان هەزار کەسی خاوەن پیداویستی عێراقی چاوەڕێی دەکەن تا مافی جۆراوجۆریان بۆ دەستەبەر بکات، لەوانە چاودێری دارایی و تەندروستی جگە لە وەرگرتنی مامەڵەی تایبەت لە دامودەزگا حکومییەکان و سوودە گشتییەکانی دیکەدا.

 

حسێن عەرەب، جێگری سەرۆکی لیژنەی کاروباری پەرلەمانی عێراق بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەکە دەنگی لەسەر پڕۆژە یاساکە داوە و پێشکەشی سەرۆکایەتی کردووە بۆ ئەوەی لە بەرنامەی کاردا جێی بکاتەوە و لە دانیشتنی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدات، ڕۆژی یەکشەممە هەموو ڕێکارەکان بە چاودێریی ئەو لیژنەیەی کە پێشیخست تەواو بوون، جگە لە لیژنەکانی پشتگیریکردنی کۆمەڵەی کەمئەندامان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.

 

ڕێژەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە عێراق زۆر بەرزە، مەزەندە دەکرێت لە کۆی ٤٢ ملیۆن دانیشتووی عێراق ١٠%ی پێکبهێنن، هەروەها ڕێژەکە بەهۆی بەردەوامی هۆکارەکانی وەک ڕووداوی هاتوچۆ و چەکی بێ مۆڵەت و جەنگ لە عیراقدا لە زیادبووندایە و حکومەتی عێراقیش مەفاکانیان دابین ناکات، لەوانە دابینکردنی بینای حکومی و دامودەزگاکان و نەخۆشخانەکان و پارکینگەکان و دروستکردنی ڕێڕەوی سەلامەت.

 

ئیبتیهال حیانی، چالاکوانی مەدەنی و مافی مرۆڤ جەختی لەسەر گرنگی یاساکە کردووەتەوە و ئاماژەی بەوەکردووە ژمارەی خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان لە عێراق زۆر بەرزە، ئەوەش بەهۆی شەڕ و پێکدادانی چەکداری و چەک و هۆکاری دیکە.

 

وتوشیەتی: ئەم بەشە گەورەیە لە وڵاتدا پشتگوێخراوە و لە ژیاندا تووشی چەندین زەحمەتی و گرانیی دەبنەوە لە دابینکردنی داهات و هەلی گونجاوی کار و گەیشتن بە چارەسەر.

 

لە یاساکەدا چاودێری کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەتی تێدایە، ئامادەکاریی مەرجەکان بۆ یەکخستنیان لە کۆمەڵگە و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ڕەخساندنی هەلی کار لە دامودەزگای دەوڵەت و کەرتی گشتی و تێکەڵاو و تایبەت و دابینکردنی پێداویستییە تەندروستییەکان و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و تەندروستی دەروونی.