بەکارهێنانی خوێندکارانی پزیشکی و یاریکردن بە ژیانی نەخۆشەکان

هاوکاری نەخۆشێک گلەیی لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پزیشکەکان دەکات و دەڵێت: ئەمە لوتکەی بێ ئەخلاقییە! بێگومان ئەم بێ ئەخلاقییە پرسێکی سیستماتیکییە.

 

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و نەتوانینی حکومەت لە پێدانی مووچە و یارمەتییەکانی کارمەندانی پزیشکی و کەمکردنەوەی تێچوونەکان، حکومەت ڕووی لە نامۆکردن و بەکارهێنانی خوێندکارانی پزیشکی کردووە، لە سیستمی هەنووکەدا نەک هەر خوێندکار خوێندن وەرناگرێت، بەڵکو بەبێ مووچە و بەبێ هیچ مەشق و ڕاهێنانێک کاری قورسیان دەدرێت بەسەردا، ئەمەش هەم ستەمێکە لەسەریان و هەم یارییەکە بە تەندروستی و ژیانی نەخۆش و هاوڵاتیان.

 

یەکێک لە پزیشکانی شاری کرماشان بە نازناوی نەوید وتی: لە ئێراندا یەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بۆ توێژە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان نییە، بەهۆی زۆری تێچووی خزمەتگوزاری پزیشکی لە نەخۆشخانە ئەهلیەکان و فەرمانگە تایبەتەکانی پزیشکان، چینی خوارەوە و هەژار لە خزمەتگوزاری نەخۆشخانە حکومییەکان کەڵک وەردەگرن، کە کوالیتی خزمەتگوزارییەکان زۆر نزمە.

 

نەوید وتیشی: زۆربەی کات نەخۆشخانە حکومییەکان ڕووبەڕووی قەرەباڵغی دەبنەوە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان دەکەن، هەروەها ئاسانکاری و سەرچاوە مرۆییەکانی ئەو نەخۆشخانەیانە ڕێژەیی نییە لەگەڵ ڕێژەی نەخۆشەکان، لە دۆخێکی وادا نە پزیشکان و نە پەرستاران و نە کارمەندانی تری پزیشکی ناتوانن خزمەتگوزارییەکی دروست پێشکەش بکەن، زۆربەیان کەمترین کات کە پێویستە بۆ پشکنینی نەخۆشەکە، دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە یان لێکۆڵینەوە لە فایلەکەی نەخۆشەکە ڕەچاو ناکەن.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا: بۆ نمونە لە نەخۆشخانەی محەمەد کرماشانی زۆرجار ڕووبەڕووی کەمیی قەرەوێڵە دەبینەوە، چونکە پێداویستی و هێزی مرۆیی بەشی پێویستیان نییە و ناچارین ئەو نەخۆشانە دەربکەین کە پێویستیان بە خەواندنە لە نەخۆشخانە، لەم جۆرە حاڵەتانەدا ئەگەر نەخۆشەکە نەیتوانی تێچووی زۆری نەخۆشخانە ئەهلیەکان بدات، ئەوا دەبێت بەرگەی نەخۆشییەکی بگرێت، ئەگەرچی پێویستی بە خەواندنیش هەبێت.

 

هۆکارەکانی دابەزینی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندە حکومییەکان چین؟

باوان ناوی خوازراوی پەرستارێکی ژنە و دەربارەی ستافی نەخۆشخانەکان وتی: کاتێک ستافی پزیشکی بە پزیشکی گشتی و پسپۆڕ و پەرستار و کارمەندانی بەشەکانی تری نەخۆشخانەکەشەوە، داهات و حەقدەست و مووچە و یارمەتییەکانیان بەراورد دەکەن لەگەڵ پزیشکی ستافی نەخۆشخانە ئەهلییەکان، ئەوان بە هیچ شێوەیەک لە دۆخەکەیان ڕازی نین و سروشتییە کە ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان چونکە ستافی نەخۆشخانە حکومییەکان بەراورد بە نەخۆشخانەی ئەهلییەک هیچ پێویستی و هاوکارییەکی ئابوورییان نییە.

 

"ئەوەی دەگوزەرێت بەکارهێنانی توانای خوێندکارە بۆ بەرژەوەندی خۆیان"

خوێندکارێکی پزیشکی کە لە نەخۆشخانەکانی کرماشان وەک ستاژ کار دەکات سەبارەت بە سیستەمی ناکارامەی پەروەردەی پزیشکی ڕایگەیاند: لە ڕاستیدا ئێمە ڕاهێنان بە شێوەیەکی کردەیی نابینین و ئەوەی دەگوزەرێت بەکارهێنانی توانای خوێندکارە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، هیچ پەروەردەیەک نییە، حکومەت لەم بوارەدا بە تایبەتی "وەزارەتی تەندروستی و چارەسەر و پەروەردەی پزیشکی" پەنای بردۆتە بەر دامەزراندن و بەکارهێنانی خوێندکارانی پزیشکی لە پێناو کەمکردنەوەی تێچوونەکان. لە سیستمی هەنووکەدا نەک هەر خوێندکار خوێندن وەرناگرێت، بەڵکو بەبێ مووچە و بەبێ هیچ مەشق و ڕاهێنانێک کاری قورسی بەسەردا دەدرێت، ئەمەش هەم ستەمە و هەم یارییە بە تەندروستی و ژیانی نەخۆش و هاوڵاتیان.

 

"ئەمە بەرزترین ئاستی بێ ئەخلاقییە"

هاوکاری نەخۆشێک گلەیی لە گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی پزیشکان کرد و ڕوونی کردەوە: ئێمە دەچینە ناوەندە پزیشکییەکانی حکومی بۆ ئەوەی سوودی بیمە بەکاربهێنین و پارەی کەمتر بدەن، بەڵام پزیشکەکانی ئەو نەخۆشخانانە ناونیشانی فەرمانگەی تایبەتی خۆیان دەدەنە نەخۆشەکان و دەڵێن لەوێ سەردانیان بکەن، ئەمە لوتکەی بێ ئەخلاقییە! بێگومان من ئەم بێ ئەخلاقییە وەک بابەتێکی سیستماتیکی و پێکهاتەیی دەبینم و لەم بابەتەشدا نابێت خاڵی ڕەخنە ئاڕاستەی تاک بێت، چونکە کاتێک ڕەفتارێکی لەو شێوەیە لە پزیشکێک یان چەند پزیشکێکەوە دەبینین دەتوانین وەک تاک ڕەخنەیان لێ بگرین. بەڵام کاتێک ئەم جۆرە سووکایەتی و بێ ئەخلاقییە لە ڕێژەیەکی بەرزی پزیشکەکانەوە دەبینین، دەبێت بڵێین کێشەکە لە پێکهاتە و سیستەمدایە.