ژنانی ئەفغانستان لە چەندین لاوە تووشی ستەم دەبنەوە

سەحەر ئەیوبی یەکێکە لەو ژنانەی کە خوێندنی بە دژواری تەواو کرد، بە ژنانی ئەفغانی دەڵێت: ماف نادرێت، ماف دەسەندرێت، دەبێت شەڕ بکەیت و مافی خۆت بەدەستبهێنیت.

بەهاران لاهیب

 

کابول- لە ئەفغانستان ژنان بەشێک لە کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بەڵام زۆرترین کاریگەری عەقڵیەتی پیاوسالاری دەسەڵاتداریان لەسەرە، ساڵانێکە دژی دەسەڵاتی پیاوسالاری، جیاکاری، توندوتیژی، شەڕ، هەژاری و نائەمنیدا تێکۆشان دەکەن، ئەو ژنانەی لەم بیست ساڵەدا توانیان مافی خوێندن بەدەستبهێنن، بە ئاسانی بەدەستیان نەهاتووە، بەڵکو سەختی و قوربانیدانیان بڕیوە و توانیان لە کۆمەڵگەیەکی نایەکساندا مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بەدەستبهێنن.

 

سەحەر ئەیوبی یەکێکە لەو ژنانەی کە توانی بە سەختی خوێندن تەواو بکات، ئەو نەک هەر لە دژی کۆمەڵگەی نایەکسان شەڕی دەکرد، بەڵکو لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بەرەنگار بووەوە تا بتوانێت بخوێنێت، دەشڵێت: بە زەحمەتی زۆرەوە دەستم بە خوێندن کرد، چونکە خێزانەکەم ڕێگەیان پێنەدام بخوێنم، دوای ئەوەی ڕەزامەندی خێزانەکەمم وەرگرت، چوومە قوتابخانە.

 

سەحەر درێژە بە قسەکانی دەدات و دەڵێت: "لە کاتی خوێندندا ڕووبەڕووی کێشەی زۆر بوومەوە، ناچار بووم کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بۆ خێزانەکەم بکەم، ناچار بووم کاری قورس بکەم، هەرچەندە منداڵێکی حەوت هەشت ساڵان بووم بەڵام بەردەوام بووم، بە زۆر دەمخوێنێد و زۆربەیان ڕێگریان لێدەکردم بچمە قوتابخانە، جگە لە بنەماڵەکەم، دژایەتییەکانیش لە کۆمەڵگەدا هەبوون کە نابێ بخوێنم چونکە من کچم، شەرمەزارییە بۆ کچێک بخوێنێت، جێگای ژن لە ماڵەوەیە، ئەو کولتوورە هەڵەیەی کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە ڕێگە نادات کچێک بچێتە خوێندن و وەک مرۆڤێک کە مافەکانی بەکاربهێنێت.

 

سەۆەر دەڵێت: تا پۆلی ٨ لە گوندەکەم بووم و بەردەوام بووم لە خوێندن، دواتر هاتین بۆ شار، تا پۆلی دوانزەی بنەڕەتیم خوێند، بە سەختییەکی زۆرەوە چوومە خولی ئامادەکاریی تاقیکردنەوەی وەرگرتن و ئەنجاممدا، دواتر چوومە تاقیکردنەوەی وەرگرتن و چوومە زانکۆ، هەمان دۆخ هەبوو، ڕێگەیان پێنەدام لە زانکۆ بەردەوام بم لە خوێندن، توانیم جارێکی دیکە بە شەڕ ڕەزامەندی خێزانەکەم بەدەست بهێنمەوە.

 

"سەرەتا تێکۆشان بەرامبەر بە خێزان بکەن"

سەحەر لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: هەمیشە دەڵێم ژنی ئەفغانی دەبێت سەرەتا تێکۆشان لەگەڵ بنەماڵەکەی دەستپێبکات، پاشان بچێتە ناو کۆمەڵگە و لەگەڵ کۆمەڵگە دەست بە تێکۆشان بکات، بەو شێوەیە دەتوانی سەرکەوتوو بیت، چونکە هەمیشە ڕووبەڕووی کولتووری هەڵە دەبینەوە و دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکەین.

 

سەحەر هەر لە منداڵییەوە هەوڵیداوە لە کۆمەڵگەدا لەگەڵ پیاو یەکسان بێت و جگە لە خوێندن، حەزی لە سیاسەت بووە، هەمیشە بەدەست نایەکسانی نێوان ژن و پیاوەوە دەناڵێنێت و بە بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی دژی تاڵیبان، هەوڵدەدات ڕۆڵی خۆی لە شەڕی یەکسانی مافەکاندا بگێڕێت.

 

لە ئەفغانستان هاوکات لەگەڵ نایەکسانی و هەڵاواردن، هەژاریش هەمیشە تووشی ژنانی ئەفغانی بووە، هەر ئەمەش وایکردووە لە زۆر حاڵەتدا ژنان نەیانتوانیوە بخوێنن.

 

سەبارەت بە داخستنی دەرگای زانکۆکان لەلایەن تاڵیبانەوە، سەحەر دەڵێت: زانکۆم تەواو نەکردووە و لە خوێندندام، کاتێک بیستم دەرگای زانکۆ دادەخرێت، خەمبار و نائومێد بووم، بەڵام نەمهێشت درێژە بكێشێت، چوومە سەر شەقام و داوای مافی خوێندن و هەموو مافەکانی دیکەم وەک ژنێک کرد، پەیامی من بۆ ژنانی ئەفغانستان و ئێرانی ئەوەیە کە تا دەتوانن تێکۆشان بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانتان، ماف نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت، دەبێت شەڕ بکەیت و مافی خۆت بەدەست بهێنیت.