"سیستمی سەرمایەداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە ناوەندی شەڕ"
جیهان خەلیل، ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی جزیرە گەشەسەندنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵسەنگاند و وتی: سیستمی سەرمایەداری لە قەیراندایە بۆ ئەوەی خۆی لەمە ڕزگار بکات، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووەتە چەقی شەڕ و بەرژەوەندییەکان.
ڕۆژ هۆزان
قامیشلۆ- گەشەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی جەنگ و ئاژاوەوە، هۆکارە سەرەکییەکەی سیستەمی سەرمایەدارییە، ئەو سیستمەی ساڵانێکە سەروەری خۆی بەسەر ئیرادەی ژن و کۆمەڵگە و خەڵکدا سەپاندووە و پەسەندی کردووە، تا ئاستێکی بەرز ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە کوردستان ڕوویدا وەڵامی ئەم سیستمەیان دایەوە، بەڵام بەس نەبوو بۆ شکستپێهێنانی لە ڕەگەوە، ئەمڕۆ ئەم سیستمە جەنگەکەی گۆڕیوە و بووەتە شەڕی بەرژەوەندی و پێشێلکردنی بەهاکانی کۆمەڵگەکان، بۆ ئەوەی ئەم سیستمە لە ڕەگی خۆی بسڕێتەوە پێویستە لە جیاتی ئەوە سیستمی دیموکراتیک خۆی لە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتیەکان و لایەنەکانی تر بەهێز بکات، جیهان خەلیل، ڕاوێژکاری خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی هەرێمی جزیرە، گەشەسەندنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەڵسەنگاند.
"سیستمە سەرمایەدارەکان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کردووەتە ناوەندی بەرژەوەندیەکانیان"
جیهان خەلیل کاریگەرییەکانی سیستمی سەرمایەداری بۆ لەناوبردنی کۆمەڵگەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵسەنگاند و وتی: سیستمی سەرمایەداری ساڵانێکە خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیرکردووە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووتە ناوەندی بەکارهێنانی بەرژەوەندیەکانی خۆی، ئەم سیستمە خۆی لە قەیراندایە، بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم قەیرانانەدا دەست دەخاتە سەر سەرچاوەکانی نەوت و ئابووری هەرێم بۆ چاککردنەوەی بارودۆخیان لەسەر حسابی کۆمەڵگەکان، بۆ جەنگی جیهانیی سێیەمیش ناوەندی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژارد، دەبینین ئەمڕۆ ناکۆکیی زۆر لە نێوان وڵاتاندا هەیە، ماوەی ١٠ ساڵە لە سوریا شەڕ هەیە، عێراق و حکومەتی ناوەندیی لە ململانێیەکی گەورەدان لەگەڵ کۆمەڵگەدا، لە کاتێکدا لە ئێران گرژیی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر هەیە، واتە بە گشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ململانێدایە لەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریدا، ڕاپەڕینەکانی دژ بە سیستمەکان تا ئێستا بە درێژایی مێژوو بەردەوام بووە، هەر وەک چۆن پێشتر ژنان و کۆمەڵگە لە دژی سیستەمی شا هەستان و ئێستا لە سەدەی ٢١دا درێژەی هەیە، ئەم ڕاپەڕینانە لە بنچینەدا دژی سیستمی سەرمایەداری بوون، ئەمڕۆ دەبینین ڕاپەڕینەکان بە پێشەنگایەتی ژنان گەیشتوونەتە ئاستی شۆڕش، لەلایەکی دیکەوە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بەردەوامە، ڕوسیا دەیەوێت ئێستا لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتن و پڕۆژە چەپەڵەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر حسابی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجام بدات، پەیوەندییەکانی ڕوسیا و تورکیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندین.
"چارەسەری سەرەکی پرسی ژنانە"
جیهان خەلیل ڕۆڵی ژنانی لە پێشەنگایەتی شۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا خستەڕوو و وتی: کاریگەرییەکانی ڕاپەڕین لە نێوان خاوەن ڕۆحە نیشتمانپەروەرەکان کاردەکات و هەموو کۆمەڵگەیەک دەیەوێت لەناو ئاسایش و ئارامی بژی، پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە سیمبولی شۆڕشی ژنان، نموونەش چۆن شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بووەتە شۆڕشێکی جیهانی بۆ هەموو ژنان، جوڵانەوەی کۆمەڵگە لە دژی سیستمەکان ژنان پیشەنگایەتی دەکەن، لە شوێنی ئەو سیستمی دیموکراتیک دروستدەکات، ڕۆڵی ژنان گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو تەنگژەیەی ئێستا هەیە، چارەسەری سەرەکی ئەم تەنگژەیە چارەسەرکردنی کێشەی ژنانە و ئەگەر ئەمە پشتڕاست نەکرێتەوە ئەستەمە دۆخی کۆمەڵگەکان هێور ببێتەوە، بە هێزی ژنان و کۆمەڵگە دەتوانین ئازادییەکی بەردەوام بەدەست بهێنین.
"لە هەڵبژاردنەکاندا لایەنگرانی حکومەتی ئەردۆغان بوونەتە بزووتنەوەیەکی سەربازی و سیاسی"
جیهان خەلیل دەربارەی هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاری تورکیا وتی: لە تورکیا هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، هەمووان دەزانن ئەگەری ئەوە هەیە کە ئاکەپە و مەهەپە دەسەڵات لەدەستبدەن، دەسەڵاتدارانی حکومەتی ئەردۆغان بەشدارییان لە بزووتنەوەیەکی سەربازی و سیاسیدا کردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ببەنەوە، ئاکەپە ئێستا لە پێشبڕکێدایە، بەڵام ئەوەی دەرەنجامەکەی دیاری دەکات هاوپەیمانی کرێکاران و ئازادییە، ئێستا ئاکەپە هەوڵ دەدات کاریگەری هەدەپە کەمبکاتەوە، بە بۆچوونی ئێمە ئەگەر دەسەڵاتدارانی ئاکەپە و مەهەپە خۆیان لەدەستبدەن شەڕی ناوخۆ بەرپا دەبێت و شەڕی تورکیا بەرفراوانتر دەبێت، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر ئەردۆغان بە یاری بیباتەوە ئەوا شەڕ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچەکانی پاراستنی مەدیا بەرفراوانتر دەبێت، پیلانی داگیرکاری لە ڕۆژەڤیاندا دەبێت و جینۆسایدکردنی کورد دەبێتە بابەتی سەرەکییان، ئەردۆغان دەیەوێت سوود لە دۆخی بوومەلەرزە و لافاوەکەی تورکیا وەربگرێت و ناکۆکی زیاتر لە نێوان کۆمەڵگەکاندا دروستبکات، ئێمە وەک خاوەنی پڕۆژەی دیموکراتیک باوەڕمان بەو بزووتنەوە دیموکراتیکیە هەیە کە هەدەپە نوێنەرایەتی دەکات، هەرچەند هەدەپە بەهێزبێت و پەرە بە ڕێکخستنەکانی بدات، کۆتایی بە سیاسەتی کۆمەڵکوژی لە دەوڵەتی تورک دەهێنێت.
"کاتێک هاوپەیمانی کورد پێکدێت، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ئیرادەی کۆمەڵگە ببەزێنێت"
جیهان خەلیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کوردستان ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە زۆرترین هێرش دەکرێتە سەر گەلەکەمان، ئێمە دەڵێین لە هەموو بەشەکانی کوردستان کاتێک ڕێککەوتنێک هەبێت، هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت ئیرادەی کۆمەڵگەکەمان ببەزێنێت، ئێمە پێمانوایە ئەم پڕۆژەیە کە وەک خۆبەڕێوەبەریی پەرەیسەندووە، دەبێتە کلیلی چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان.