لە ئاهەنگی چوارشەممە سووردا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسیش برینداربوون
لە ئەنجامی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان لە میانی ئاهەنگی چوارشەممە سوور لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٢٧ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە چوار هەزار کەسیش بریندار بوون.
![](https://jinhaagency.com/uploads/so/articles/2023/03/20230315-20230315-12-jpg354a19-image-jpgdcde47-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٥ی ئازار، وتەبێژی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی یارییە ئاگرینەکان لە کاتی ئاهەنگگێڕانی شەوی چوارشەممە سووردا ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار هەزار و ٩٥ کەسی دیکەش برینداربوون بە توندی جیاواز.
موجتەبا خالیدی، وتەبێژی ڕێکخراوی فریاکەوتنی ئێران ڕایگەیاند، دوێنێ سێشەممە ١٤ی ئازار، لە میانی ڕێوڕەسمی ئاهەنگگێڕان بە شەوی چوارشەممە سوور، ١٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو هەزار و ٨١٧ کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی گیان لەدەستدانەکان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و قوم بووە و ٣٤ لە بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ یەکەی چاودێری چڕ.
هاوکات جەعفەر میعادفەر سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند کە ٩٢ لە بریندارەکان ئەندامەکانی جەستەیان بریندار بووە، ٤٧٠یان چاویان و ٥٤٠ کەسیش تووشی سووتان بوون بە ڕێژەی جیاواز.
لە هەمان کاتدا یەحیا تەباری بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی تاران پشتڕاستی کردەوە کە دوایین ژمارەی بریندارانی پارێزگای تاران ڕۆژی چوارشەممە گەیشتووەتە ١٢ کوژراو و ٣٧٣ بریندار.
ئاهەنگی چوارشەممەی سوور هەموو ساڵێک دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەک کەس و برینداربوونی کەسانی دیکە، لەئەنجامی تەقینەوەی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان، لەلایەکی دیکەوە خاوی تیمەکانی فریاگوزاری و نەبوونی پێداویستی پێشکەوتوو و ئامێرەکان ژمارەی قوربانییەکان زیاد دەکەن.