بانگەوازی بەکۆمەڵی ژنانی چالاکوانی ئێران بۆ گردبوونەوە لە ٨ی ئازار

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی ژن بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان و دژی هێرشی بایۆتیرۆریستیی کچانی خوێندکار بانگەوازی چالاکی بەرفرانی بۆ ٨ی ئادار دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ٤ی ئادار، "گروپی ژنانی تێکۆشەر لە ناوخۆی وڵات" (تاران)، "کۆمەڵەی ژنانی چالاکی ناوخۆی وڵات" (کەرەج)، "ژنانی چالاکوانی گەیلان" و گروپی "بیدارزنی" بانگەوازی ڕژانە سەرشەقام و گردبوونەوە، بەبۆنەی هاتنی ٨ی ئادار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنان و دژی هێرشی بایۆتیرۆریستی خوێندکاران، دەکەن.

 

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، ژنان ئاماژەیان بەوەدا، "نزیکەی ٦ مانگ بەسەر ڕاپەڕینی سەرتاسەری ئێراندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" تێدەپەڕێت، کە ئاڵا هەڵگرەکانی بە تایبەتی ژنانی گەنج بوون و لە کوردستان و بەلوچستان، لە شەقامەوە بۆ قوتابخانە و زانکۆکان ناڕەزایەتییان دەربڕی، لە ئێستاشدا جگە لە بێبەشکردنی زۆرێک لە خوێندکاران لە خوێندن و بێبەشبوونیان لە بەشە ناوخۆییەکان، گرتن و دەرکردنی سزای قورس، تەقەکردنی ڕاستەوخۆ و توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر خۆپیشاندەرانی دەستبەسەرکراو، لە سێدارەدان و کوشتنی زۆرێک لە خۆپیشاندەران، لەوانەش زیاتر لە ٧٠ منداڵ لە شەقام و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، ڕژێمی ئێران دەستیان کردووە بە هێرشی بایۆتیرۆریستی دژ بە زۆربەی کچان لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆکان، بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوەیان لەم ڕاپەڕینە سەرتاسەرییە، کە بە تایبەتی هەوڵی گەیشتن بە ماف و ئازادییەکانی گەنجان و ژنان و یەکسانی دەدەن.

 

لە بەیاننامەکەدا، بە ئاماژەدان بە ژەهراویکردنی قوتابیانی کچ لە قوتابخانەکاندا هاتووە، "ئێستا سێ مانگ بەسەر هێرشکردنە سەر قوتابخانە حکومییەکان و قوتابخانەکانی کچان بە گشتی تێدەپەڕێت؛ هێرشە ڕێکخراوەکان کە لە قوم دەستیپێکرد و بە خێرایی بۆ شارەکانی دیکە بڵاوبووەوە، زیاتر لە دوو هەزار خوێندکاری کچ لە زیاتر لە ٩٠ قوتابخانە ژەهراوی بوون، فراوانبوونی ئەم هێرشانە بۆ سەر بەشە ناوخۆیی خوێندکارە کچەکان، هێرشکردنە سەر ڕووخساری ژنان بە تێزاب لە ئیسفەهان لە ساڵی ٢٠١٣دا بەبیر دەهێنێتەوە، کە ڕق و تۆڵە سەندنەوەی حکومەتە لە کچانی گەنج، بە تایبەت ڕۆڵی گرنگیان لە ڕاپەڕینی ئەم دواییەدا نیشان دەدات".

 

ژنانی ئێران لە بەیاننامەکەدا بانگەوازی لە چالاکی بۆ ڕۆژی ٨ی ئادار دەکەن و دەڵێن: لە سەروبەندی ڕۆژی ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنان، بە ناوی خەباتی ژنانی کرێکار و خەباتکارانی ژنی سەرتاسەری جیهان بۆ بەدیهێنانی ئازادی و مافەکانیان، لە هەمانکاتدا سەرکوتکردنی سەرتاسەری خۆپیشاندەران لەم چەند مانگەدا ئیدانە دەکەین، ئێمە ئیدانەی هێرشکردنە سەر کچان لە قوتابخانە و زانکۆکان دەکەین و ڕێگە نادەین کچەکانمان بگەڕێنرێنەوە ماڵەکان و دەبێت بە شێوەی کۆمەڵەیی سەلامەتییان لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیی منداڵکوژدا بپارێزین.

 

لە کۆتاییدا بانگەوازی ڕژانە شەقامەکان و گردبوونەوە دەکرێت و هاتووە، "ئێمە دێینە سەر شەقامەکان لە تەنیشت دایکان و خەڵکی توڕە لە هێرشی سەر منداڵەکانمان لە ڕۆژانی داهاتوودا (تا ٨ی مارس) دەبین، داوا لە هەموو خەڵک بەتایبەتی ژنانی چالاکوان و چالاکوانانی مافی منداڵان، مامۆستایان، کرێکاران، دادپەروەران و قوتابیان دەکەین بەرگری لە منداڵان و مافەکانیان بکەن و پێویستە کچان و ژنان بە هەر شێوەیەک بێت بەشداری ئەم ناڕەزایەتیانە بکەن.