درێژەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە؛ ئاگر لە بنکەکانی بەسیج بەردرا

لە مانگی حەوتەمی شۆڕشی ژینادا، ئازادیخوازان لە ناوچەکانی کوردستان و ئێران بە شێوەی جۆراوجۆر لە دژی کۆمار بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی.

ناوەندی هەواڵ

 

٦ مانگ بەسەر شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا تێپەڕیوە، سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی و جێبەجێکردنی پیلانی جیاواز بۆ شێواندنی عەقڵی گشتی و سەرکوتکردنی ڕاپەڕین، ئازادیخوازان هێشتا لە دژی ئەم سیستەمە وەستاونەتەوە.

 

شەوی ڕابردوو لە شارەکانی سنە، کرماشان، دێهگۆلان، ورمێ، بانە، ئیلام و شارەکانی دیکە، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی زمانی دایک، ئازادیخوازان دروشمیان لەسەر دیوارەکان نووسی، لافیتە حکومییەکان ئاگریان تێبەردا، نامیلکە بەخشرایەوە و داوای ڕاوەستاندنی لەسێدارەدانیان کرد، داوای ڕووخاندنی حکومەت و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و مافە سەرەتاییەکانیان کرد کە یەکێک لەوانە مافی خوێندنە بە زمانی دایکی.

 

لە شارەکانی تاران، بوشەهر، گرگان، فیروزاباد، ئەسفەهان، مەشهەد، قوم، قەزوین، ڕەشت و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندەران بە ئاگر بەردان لە بنکەکانی بەسیج، نیگارکێشان لەسەر دیوارەکان، وتنەوەی دروشم، دابەشکردنی بڵاوکراوە داوای فراوانتر کردنی ناڕەزایەتییەکانیان کرد.