لە بۆزلار خەڵکی گوندەکە قوتابخانەیان کردووەتە پەناگە

ئەو خەڵکەی لە گوندە شاخاوییەکانی بازارجیخ دەژین بەهۆی ساردی کەشوهەواوە ناتوانن لە چادردا بمێننەوە، بۆیە قوتابخانەی گوندەکە دەکەنە پەناگە و دەشڵێن: دەوڵەت ئێمە نابینێت.

مەڕەش

 

لە شاری بازارچیخ، کە یەکێکە لە ناوەندەکانی بوومەلەرزەکە، کاری لابردنی وێرانەکان بەردەوامە، لەناو شارەکاندا خەڵک لەناو چادردا دەمێنێتەوە، بەڵام بەهۆی کەشوهەوای سارد و سەختی ناوچەکەوە هاوڵاتیانی گوند ناتوانن لە ناو چادرەکاندا بمێننەوە و بەشێکی کەمیشیان چادریان بۆ دابینکراوە.

 

لە گوندی بۆزلار کە دەکەوێتە ناوچە شاخاوییەکانی بازارجیخەوە، دەیان خانوو وێران بوون، ئەوانەشی کە ماونەتەوە زیانیان پێگەشتووە، ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی زیانی ماڵەکانیانەوە لە دەرەوە دەمێننەوە، دەڵێن ئەو چادرانەی پێیان دەدرێت، بەشمان ناکات، بۆیە وەک چارەسەری قوتابخانەی گوندەکە بەکاردەهێنن بۆ پەناگەی خۆیان، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، ئەو گوندە زۆرینەیان بەساڵاچوو نەخۆشن و بەهۆی بوومەلەرزەکەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

"ناتوانین لە چادردا بمێنینەوە"

ئەلیف جەبەلەر، خەڵکی گوندەکەیە و باس لەوە دەکات کە ڕۆژانە لە دۆخێکی ترسناکدان، وتی: بوومەلەرزەکە لەناکاو ڕوویدا، ئێمە بەبێ ئەوەی هیچ شتێک لەبەر بکەین ڕۆیشتین، بۆ یەک دوو ڕۆژ بەو شێوەیە هەڵدەلەرزین، دوای ئەوەی بوومەلەرزەکە کەم بووەوە، تەرمەکانمان لە ژێر وێرانە دەرهێنا، لە گوندەکەدا زۆر خانوو وێران بوون و ماڵەکەمان زیانی پێگەیشتووە، بۆیە ناتوانین بگەڕێینەوە ماڵەوە، دوای چەندین ڕۆژ چادریان هێنا، بەڵام کەشوهەوا زۆر ساردە، نۆیە لە قوتابخانەی گوندەکە دەمێنینەوە چونکە چادرەکانیش کەمن و بەشی هەمووان ناکات.

 

ئەلیف باسی لەوەکرد، کاتێک چوونەتە قوتابخانەکە کورسییەکانیان کردووەتە قەرەوێڵە و زۆپاکەیان داگیرساندووە، لە پۆلێکدا ٣٠-٤٠ دەمێنێتەوە، "ئێستا سەرمان لێ شێواوە، پیر، نەخۆش، هەموو کەسێک لەوێیە، نازانین چی بکەین، جێگای خەوتن نییە بۆیە ٧ ڕۆژە نەمانتوانیوە بخەوین".

 

"دەوڵەت ئێمە نابینێت"

ژنێکی دیکە کە لە گوندەکەدا دەژی، لەبارەی دۆخی ژیانیانەوە وتی: خەڵک سەیری ئێمە دەکەن و پشتگیریمان دەکەن، دەوڵەت چاومان لێناکات، دەوڵەت ئێمە نابینێت و چادرمان پێنادات.