لە سویسراوە بۆ یارمەتی بازاڕجیخ: دۆخەکە لەوە خراپترە کە دەوترێت

خەجێ کۆنو، پەرستاری منداڵان، کە لە سویسراوە بۆ یارمەتیدانی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی بازارجیخ چووە و کاری تەندروستی ئەنجام دەدات، وتی: دۆخی بازاڕجیخ ئەوەی دەبیندرێت بە وتن دەرنابڕدرێت، هێشتا پێویستی بە هێزی خەڵکێکی زۆر هەیە".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

مەڕەش- هەفتەیەک بەسەر دوو بوومەلەرزەی گەورەدا تێپەڕیوە کە کاریگەری لەسەر ملیۆنەها کەس هەبوو، زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار بیناش وێرانبوون لە ١٠ شاردا، هاوڵاتیان لە هەوڵی مانەوەدان، کاری گەڕان و ڕزگارکردن لەلایەن دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دوای سێ ڕۆژ دەستیپێکردبوو، لە بازاڕجیخ، ئەفشین، ئاندرین، ئاکینۆزو، چاگلانجەریت، کلیس و ڕەحا کۆتایی هات و سبەینێش لە ئەلبیستان کۆتایی دێت، زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە ئەوانەی کە تا ئێستا کەسوکارەکانیان لەژیر بیناکاندان، لە یەکەم ڕۆژەوە بە دوای دەرفەتێکی سنوورداردا دەگەڕێن بۆ گەڕان و ڕزگاکردنی کەسوکاریان.

 

تیمە خۆبەخشەکان دەچن بۆ ناوچەکانی بوومەلەرزە و هاوکاری زیانلێکەوتووان دەکەن، زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە ئاماژە بەوەدەکەن بە هاوکاری هاوڵاتیان لە ناوەندەکانی هەماهەنگی قەیرانەکانی هەدەپە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە شار و شارۆچکەکان ماونەتەوە، تیمە خۆبەخشەکان، ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵات هاتوون، هەوڵ دەدەن پێداویستیەکانی خەڵک دابین بکەن.

 

لە سویسراوە هاتووە بۆ یارمەتیدانی خەڵکی گوندەکانی مەڕەش

خەجێ کۆنو، پەرستاری منداڵان، کە دوای بوومەلەرزەکە لە سویسراوە هاتووەتە بازاڕجیخ، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە گوندەکەدا دەگەڕێت و هەوڵ دەدات پێداویستییەکانی هاوڵاتیان دابین بکات، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆمەڵەی ژنانی غەزال لە ئەوروپا هێڵێک بەڕێوەدەبات و لەگەڵ هاوڕێکانیدا وەک خۆبەخشێک هاتووەتە ناوچەکە، وتی: من لێرەم نەک تەنها بۆ ئەم شوێنە، بەڵکو بۆ شارەکانی تریش، من ئازاری بوومەلەرزەکە لە بوومەلەرزەکەی وان بینیم، کەواتە ئەمە بابەتێکی زۆر هەستیارە بۆ من، لەبەرئەوەی من کارمەندی تەندروستیم، پێموایە کە بەشداریم بۆ خەڵکی ئێرە هەیە، دوێنێ لە گوندەکانی ئێرە گەڕاین و پرسیارمان لە ڕەوشی ئەم دواییەی خەڵک کرد، بارودۆخی ئێرە زۆر لەوە خراپترە کە دەوترێت.

 

"ئەم کارەساتەی دەبیندرێت بە وتن دەرنابڕدرێت"

خەجێ کۆنو، ئاماژەی بەوەدا، کە چەند ڕۆژێکە خەڵکی دانیشتووی هەردوو ناوەند و گوندەکان لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین و خەڵکی گوندەکان داروپەردووەکان لادەبەن و هیچ هاوکارییەک نییە، وتی: زۆر زەحمەتە لێرەدا بارودۆخەکە ڕوونبکەینەوە، ئێمە چەند ڕۆژێکە لێرەین، من تەنها ئەو تێکۆشانەم بینیوە کە زۆربەی خەڵک لێرە دەمێننەوە، دیسان خەڵک پێویستیان بە پاراستن و پەناگە هەیە، لە سەرما بارودۆخەکە ئەوەندە سەختە کە ئەوەی دەیبینین بە وتن دەرنابڕدرێت، لە هەندێک شوێن شار بە تەواوی تێکچووە، خەڵکی ئێرە دەبێت دوای ئەم بوومەلەرزەیە ژیان لە سفرەوە دەستپێبکەن.

 

خەجێ کۆنو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە پێویستە ئەو پشتگیرییەی ئێستا بەشێوەیەکی سیستماتیک بەردەوام بێت و داوای لە هاوڵاتیان کرد کە وەک خۆبەخش بێنە هەرێم و وتیشی: کاتێک چووم بۆ گوندەکان، زانیم کە پێویستیەکی زۆر بە هێزی مرۆڤ و هاوڵاتیانی خۆبەخش هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت ئەو هاوڵاتیانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن بێنە ناوچەی بوومەلەرزە و کاربکەن.